ئەشکەوتی شانەدەر دەبێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری لە جیهاندا’

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جارێکی دیکە شانەدەر بووە بە سەرچاوەیەک بۆ مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی باشتر بزانن شێوەی باوباپیرانی کۆنیان چۆنبووە، چیان کردووە و چۆن ژیاون. زانایانی زانکۆی کامبریج وێنەی ڕووخساری ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکەنەوە دوای ئەوەی لە پڕۆسەیەکدا بۆ ماوەی ٩ مانگ ئێسک و پروسکەکانی لێک دەدەنەوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆرانیش، دەڵێت، کەللەسەری ژنەکەی ئەشکەوتی شانەدەر کە بۆ توێژینەوە لەسەری، لە زانکۆی کامبریجی بەریتانیایە، دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان. دەشڵێ، دوای تەواوکردنی کارەکانی لێکۆڵینەوە و ڕووپێوی، ئەشکەوتی شانەدەر دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاری.

لە ساڵی ١٩٥١، کاتێک بۆ یەکەم جار ئێسکەپەیکەری ٩ پیاو و ژن و منداڵی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر دۆزرانەوە، جیھان بۆی دەرکەوت کە نیاندەرتاڵەکانیش مرۆڤی ئاڵۆز و ژیر و خاوەن نەریتی ئایینی کۆمەڵایەتی بوون، چونکە ئەو ئێسکە پەیکەرانە، ھەموویان بە یەک شێواز بەخاکسپێردراون و یەک ڕووگەیان ھەبووە، ئافرەتەکە کە بە شانەدەر ناونراوە، بەگوێرەی پشکنینی زاناکان لە تەمەنی ٤٠ ساڵی دایە و بەر لە ٧٥ ھەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ھەرێمی کوردستان ژیاوە.
تیمەکەی زانکۆی کابریج لە ساڵی ٢٠١٨ ئێسک و پڕوسکی ئەو ئافرەتەیان لەژێر زەوی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزیوەتەوە، دواتریش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ٢٠٠ پارچە ئێسکەوە کەلـلەسەرەکەیان دروست کردووەتەوە، پڕۆسەکەش نزیکەی ٩ مانگی خایاند.
کەللـەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ کە لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، دەبێتە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیھان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان و بابەتی بەڵگەفیلمێکی نوێی نێتفلێکس کە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە.
دۆزینەوەی ئێسکوپروسکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر بۆ ساڵی ١٩٥٧ دەگەڕێتەوە، تیمێکی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک بە سەرۆکایەتیی ڕاڵف ستێفان، شوێنەوارناسی ئەمریکی توانیان ئێسکوپروسکی ١٠ مرۆڤی نیاندەرتاڵ بدۆزنەوە کە ژن، پیاو و منداڵیان تێدابوو، پرۆسەکە تاوەکو ساڵی ١٩٦١ـی خایاند.
ئەم ئەشکەوتە، لە ساڵی ١٩٦٠ بە دۆزینەوەی چەندین پاشماوەی نیاندەرتاڵ ناوبانگێکی زۆری بەدەستھێنا، بە شێوازێکی تایبەتی تر، دۆزینەوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر ئاماژەیان بەوە دابوو کە چۆن نیاندەرتاڵەکان مردووەکانی خۆیان ناشتووە و تەنانەت یارمەتیدەرێکیش بووە بۆ توێژەران کە لێکۆلینەوە سەبارەت بە ڕەھەندە فەرھەنگییەکانی نیاندەرتاڵەکان بکەن.
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە، ھەڵکۆڵینەکەی ئەشکەوتی شانەدەر و خودی ئەو کاسەسەرەی کە بە ناوی شانەدەر ناسراوە دۆزینەوەیەکی پێشکەوتووە، تەکنۆلۆجیای سەردەمیانەش بەکارھاتووە بۆ دیاریکردنی ڕەگەزی نیاندەرتاڵەکە و خەمڵاندنی تەمەنی لە کاتی مردنیدا، وایان دەرخستووە کە نیاندەرتاڵەکان کۆمەڵگەیەکی زۆر ئالۆزیان ھەبووە و ھەڵگری چەندین نۆرم و بەھای تایبەت بوونە کە بەشێکیشیان بۆ مرۆڤی مۆدێرن بەجێ ماوە، ئەم دەرەنجامەش تەحەدای تێڕوانینەکانی پێشووتر دەکات کە پێی وابوو نیاندەرتاڵەکان بوونەوەری سەرەتایین و لەڕووی فەرھەنگ ھیچ پەیوەندییەکیان بە مرۆڤی مۆدێرنەوە نییە.
لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ھاوکات ئاماژە بە بوونی خۆراکی سووتاو لە نێو ئەشکەوتەکە دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیاندەرتاڵەکان نەک تەنھا خواردنیان ئامادە کردووە و ئاگریان بەکارھێناوە بۆ ئامادەکردنی خۆراکەکانیان بەڵکو لە نزیکی مردووەکەیاندا ئەو کارەیان کردووە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ھەستی کۆمەڵایەتی و ھاوسۆزیی لەناو کۆمەڵگەکەیاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بەم دۆزینەوە نوێیەی لە ئەشکەوتی شانەدەر کراوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وێنەیەکی بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ناردووە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا نەبرێت پێویستە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و زانستییانە ڕووماڵی بابەتەکە بکرێت و بە ھیچ شێوەیەک لێدوان لە ھیچ کەس و لایەنێک وەرنەگیرێت جگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، ھەر بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی چوارشەممە ٨-٥-٢٠٢٤ دیدارێک لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ژێر سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار ساز دەکرێت بە ئامادەبوونی تیمی زانکۆی کامبرێجی بەریتانی بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر و پێدانی زانیاری نوێ.
یەکێک لە ئەندامانی تیمی کارکردن لە زانکۆی کامبریج کە زانای مرۆڤناسی کۆنە بە ناوی ئێما پۆمێرۆ، دەڵێت: لە کاتی دۆزینەوەیدا لە ئەشکەوتی شانەدەر کەلـلەسەرەکەدا ورد ببوو، بۆیە ناچار بوون دوو سەد پارچە لەیەک بدەنەوە کە وەک مەتەڵێکی سێ ڕەھەندی وابوو.
ئاشکراشی کرد: ماسولکەکانی ڕووخساری ئافرەتەکە بە گشتی گەورەن وەک ئەوانی سەر برۆی، بەڵام چەناگەی بچووکە و باڵاشی مەتر و نیوێک دەبێت، تەمەنیشی لە ناوەڕاستی چلەکانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەو سەردەمەدا پیری زووتر ھاتووە، بۆ دیاریکردنی ڕەگەزەکەی، پشتیان بە پشکنینی مینای ددانەکانی بەستووە و بۆیان دەرکەوتووە کە ڕەگەزەکەی ئافرەتە.
عەبدولوەھاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، ڕایگەیاند، ئەو کەللەسەرەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، کەللەی سەری ئافرەتێکی نیاندەرتاڵە، کە تەمەنی لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٥ ساڵ بووە، لەڕێگەی ئەو دۆزینەوەیە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیھان توانرا شێوە ڕاستەقینەکەی ڕووخساری مرۆڤی نیاندەرتاڵ بزانرێ، بەنیازین ئەم ئەشکەوتە بکەینە شوێنێکی گەشتیاری و سەردانیکەران بتوانن وەکو مۆزەخانەیەکی مەیدانی لە نزیکەوە بیبینن، کەللەسەری ئەو ژنە نیاندەرتاڵەش لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەگەڕێندرێتەوە مۆزەخانەی ھەرێمی کوردستان.