زیاتر لە 165 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراون

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٨ تاكوو كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ١٦٥ هەزار و ٦٢٧ کرێکاری ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر کراون.
کۆى کرێکارە دەستەبەرکراوەکان لە ساڵی ٢٠١٩، ٨٢ هەزار و ٦٣٧ كەس بووە، لە ساڵی ٢٠٢٠، گەیشتووەتە ٨٨ هەزار و ٨٩١ كەس، لە ساڵی ٢٠٢١، ڕێژەكە زیادی كردووە و گەشتووەتە ١٠١ هەزار و ٢٥٤ كەسی دەستەبەركراو، ئەم رێژەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٢، گەیشتووەتە ١٣٦ هەزار و ٣٢٠ كەس و تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ كرێكاری دەستەبەركراو بە ڕێژەی ٩٦،١% زیادی كردووە و ڕێژەكە گەیشتووە بە ١٦٥ هەزار و ٦٢٧ کرێکار. بەمەش تەنیا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ٨١ هەزار و ١٦١ كرێكاری نوێ دەستەبەر كراون.
لەو ژمارەیە كرێكاری دەستەبەركراوی ساڵی ٢٠٢٣، ١١٢ هەزار و ٧١٦ کرێکاری خۆماڵیی لە ڕەگەزی نێر و ٢٤ هەزار و ٦٦٤ کرێکاری خۆماڵیی لە ڕەگەزی مێ، هاوکات ٢٣ هەزار و ٤٩٥ کرێکاری بیانیی لە ڕەگەزی نێر و ٤ هەزار و ٧٥٢ کرێکاری بیانیی لە ڕەگەزی مێ دەستەبەر کراون.
هەروەها داهاتی سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە دوو مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە هەرێمی كوردستان، گەیشتووەتە ٣٤ ملیار و ٣٩٢ ملیۆن و ٢٢٣ هەزار دینار؛ بەو پێیەش تا ئێستا ٧٥٢ کرێکاری خانەنشین، مانگانە مووچە لە سندوقى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى وەردەگرن.
لایەنێكی دیكەی پرسەكە دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ بێكاران، كە بەشەكانی بەكارخستن لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، لە ساڵی ٢٠٢٣، هەلی كاریان بۆ هەزار و ١٥٨ بێكار دۆزیوەتەوە، لەوانەش ٢٥٣ كەسیان ڕەگەزی مێن.
هەر لە هەمان چوارچێوەی خزمەتی کرێکاران، حکومەتی هەرێم گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە ٥٥٠٠ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگاکانی کار بکرێت.
لە هەرێمی كوردستاندا، بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە ٣٩ی ١٩٧١ و یاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧.
بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، ٢٠ ساڵ خزمەت و ٦٠ ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش ٢٠ ساڵ خزمەت و ٥٥ ساڵ تەمەن دیاری کراوە.
پێویستە هەر خاوەنپرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکوو خۆیان دەستەبەر بکەن. لەو دەستەبەرەدا، ٥٪ی مووچەی کرێکار و ١٢٪ی داهاتی خاوەنپرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر