پێکهاتەکان نووسراویان پێشکەش بە دادگەی فیدراڵی کردووە بۆ گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوویەوە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن ھەڵبژاردن بۆ ماوەی چەند مانگێک دوابخرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گرنگ دەزانێت، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسییدا بکرێت. سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش تا ئێستە بە فەرمی ھیچ ڕا و ھەڵوێستێکی لەسەر دواخستنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ھەمووان ئەو بۆچوونە پشتڕاستدەکەنەوە کە بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ناکرێت.

بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان لە هەڵبژاردن
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لە گرنگیی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام ھەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی و بە بەشداریی سەرجەم پێکھاتەکان بێت، ھەروەھا دەستەبەری بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی تێدا کرابێت.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنیان لەبارەی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بکرێت.
ئەو ھەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق ھات لە ڕۆژی ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ کە دوای ١١ جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە ١١ کورسین ھەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەم دەکرێنەوە، لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی ھەردوو پێکھاتەی کریستیان و تورکمان بڕیاریان دا بایکۆتی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

تێبینییەکانی پارتی دەستووری و یاسایی بوون
بەرپرسانی پارتی، دەڵێن: پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردن بووە، کەس ناتوانێت موزایەدەی ئەوە بکات بەسەر پارتی کە لەگەڵ ھەڵبژاردن نەبووە، ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، پێشنیازی ھەڵبژاردن، پێشنیازی سەرۆک بارزانی بووە، ئێستەش دیارە کێ بەربەست و ئاستەنگی دروست کردووە، ئێستەش داوای دواخستنی ھەڵبژاردنمان نەکردووە، تەنیا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیمان ھەیە لە ڕووی یاساییەوە و دەستووریشەوە، نامانەوێت بچینە ھەڵبژاردنێکەوە کە پێشتر ڕێکخرابێت، فەلسەفەی ھەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵک، ئەگەر گوێ بۆ ڕای خەڵک نەگیرێت و پێشتر ئەنجامەکانی ڕاگەیاندرابێت، ھیچ ئەنجامێکی نابێت، ھەر بۆیە پارتی بەشداری ھەڵبژاردنێکی لەو شێوە ناکات، ئامادەین ھەیە بچینە ناو ھەڵبژاردن، بەڵام ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف کە گوزارشت لە بیروڕای خەڵکی کوردستان بکات. ھاوار محەممەد، شارەزای یاسایی، گوتی: ئەوەی پارتی دەیەوێت، ڕاستکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی ناو یاساکەیە کە لە شوێنێکی دیکەوە دەرچووە، بەتایبەتی لە پرسی پێکھاتەکان.
دەشڵێ: چاوەڕێ دەکەین کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، تێبینییەکانی پارتی بەھەند وەربگرێت و کەموکوڕییەکان تایبەت پرۆسەی دەنگدان، ڕاستبکاتەوە.
د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: بەلامانەوە گرنگە ھەرچی زووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە دەستێوەردان، ھەندێک کێشە و تێبینی جیددی ھەیە کە بەپێی گوتەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، پێویستی بە کاتە بۆ چارەکردنیان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بابەتی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆکان، بەڵام تێبینییەکانی پارتی جیددین و پەیوەستن بە بێبەشکردنی بەشێک لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە لە پرۆسەی دەنگدان.

گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا
لایەنەکانی تورکمان و پێکھاتەکان نووسراوێکیان ئیمزا کرد و نووسراوەکەیان ئاراستەی دادگەی فیدراڵی و ھەرسێ سەرۆکایەتی عێراق و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کردووە، نووسراوەکە تایبەتە بە کورسی کۆتا، داوایان کردووە کورسی کۆتاکان بگەڕێتەوە. ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەشبینین دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، چونکە لەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا کراون، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ پێکھاتەکان دەربڕیوە.
ئایدن مەعروف، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و دژی فەرھەنگی پێکەوەژیانە، بوونی پێکھاتەکان لە کۆمەڵگە و نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان گرنگە و پێویستە بە ھەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە پێکھاتەکان و سیستەمی کۆتا، زۆر جیددی بوو و بە پێویستیشی زانی ھەموو لایەنەکان ھاوشێوەی پارتی بەرگری لە مافی پێکھاتەکان بکەن، سەرۆک بارزانی ھەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکھاتەکان کردووە، ئەو مەبەستییەتی ھەموو لایەنەکان لە ھەڵبژاردن بەشداربن.