چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی بازرگانی نێوان کوردستان و تورکیا ئاستی پێوانەیی بشکێنێ

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و شاندێکی وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کرد بە مەبەستی پەرەپێدان و فراوانتر کردنی پەیوەندییەکان.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەى بۆ شارى دیار بەكر و بەشدارى شاندى پارێزگاى هەولێر لە 15ـەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا، لەگەڵ سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار “ئەحمەد تورک” كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد تورك سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی لە ڕێگەی پارێزگارەوە بە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتى هەرێم گەیاند و هیوای خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رۆڵی سەرەكی هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەوانیەكان كە ویست و خواستی ڕاستەقینەی خەڵكی توركیاى نیشان دا، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی توركیا دەستپێشخەر بێت بۆ ئاشتەوایی بە ئازادكردنی بەندكراوانی سیاسی و دەستپێكردنەوەی بێ مەرجی گفتوگۆی ئاشتیانە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و هاوسەرۆكانی دیكەی شارەوانی شارەكان، هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك وكارەكانیان بۆ خواستن و دووپاتیشی كردەوە کە سەرۆك بارزانی هەمیشە جەخت لە سەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەکاتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام وەكو فاكتەرێكی سەقامگیری و بەشێك لە چارەسەر لەم بارەدا ڕەفتاری كردووە، پارێزگارى هەولێر هەروەها ئاماژەی بەوەشدا چارەسەریی ئاشتیانە داوایەكی ڕەوایە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی بكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەر هەنگاوێكی لەم جۆرە ئامادەیە.
هەر لە میانی سەردانەکەی پارێزگاری هەولێردا، محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی ژووری بازرگانیی هەولێر، ڕایگەیاند؛ تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەند فراوانتر بکات، قەبارەی بازرگانیی وڵاتەکەیان هێندە زیاتر دەبن.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە کۆتا پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئاستی چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام باوەڕمان وایە کۆتا سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا بۆ هەولێر قەبارەی بازرگانی ساڵانی 2013 بۆ 2015ی نێوانمان تێدەپەڕێنێت.
گوتیشی؛ دەزانن تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەند فراوانتر بکات و پەرەی پێ بدات، قەبارەی بازرگانییەکەی زیاتر دەبێت.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شارى دیار بەکر لە وڵاتى تورکیا و بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەکار و بەرهەمە پیشەسازییەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندى یاوەرى، کارگەیەکی پیشەسازی دروستکردنى کارتۆنى بەسەرکردەوە.
دوای ئەوەی، لەلایەن دەستەی کارگێڕی و ئەندازیارانی کارگەکە چۆنیەتی کارکردن و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە و جۆری کاڵ و شێواز و چۆنیەتی کارکردنی کارگەکە خرایەڕوو، پارێزگاری هەولێر وێڕایی دەست خۆشی، سەبارەت بە هاریکاری پڕۆژە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان و سود وگرتن لە ئەزموونی پڕۆژەی لەمشێوەیە، جەختى لەوەکردەوە، دەرگاى پارێزگاى هەولێر، بە ڕووی هەموو کۆمپانیا و خاوەنکار و سەرمایەگوزرێک کرایەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان لە شارەکەمان ئەنجامبدەن، وەکو پارێزگاى هەولێریش لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەموو ئاسانکاری و هاریکارییەکیان پێشکەش بکەین.