کەشناسی رەوشی کەش و هەوای دوو رۆژی راگەیاند

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتىی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان، لە ئەم شەوەوە نمە باران دەست پێ دەکات و لە سبەی دوای نیوەڕۆشەوە باران و هەورە بروسکە چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە. کەشناسیی عێراقیش ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە باران و خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە.

لە بارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ دوو شەممە 29ی نیسانی 2024 بەشی پێشبینی ئاماژەی داوە، ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بوونی کەمێک تۆز و خۆڵ، بەڵام ئەمشەو لە ناوچە جیاجیاکان نمە باران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبارێت و هەروەها پلەکانی گەرما بە نزیکەی سێ پلە نزم دەبێتەوە.

هەروەها سەبارەت سبەیینێ سێشەممە، پێشبینی دەکرێت، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بگۆڕێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوە باران و بروسکە سەرەتا ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی دەگرێتەوە و دواتر بارانی پچڕ پچڕ دەبێتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان شەپۆلەکە لە کاتەکانی شەودا کاریگەری لاواز دەبێت، بەڵام به هۆی ناجێگیریی بەرگەهەوای ناوچەکە بۆ ڕۆژانی تر دابارینی ناو بەناو بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی چاودێرییەکانی کەشەوهەوای عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە شەپۆلێکی باران و ڕەشەباو و خۆڵبارین پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دیارکراوە:

هەولێر : 32

سلێمانی : 30

دهۆک : 32

زاخۆ : 32

هەڵەبجە : 31

کەرکوک : 33

سۆران : 28

حاجی ئۆمەران : 20

گەرمیان : 35