ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار: بە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت کەرتی گەشتیاری زیاتر دەبووژێتەوە

بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ داشکاندن لە ٢٠%ی قەرزی ئاو، کارەبا، کرێی کرێچییەکانی شارەوانی و لێخۆشبوون لە سزا و سوودی باجی کەلەکەبووی سەر کۆمپانیاکان کەرتی گەشتوگوزاریشی گرتووەتەوە، خاوەن پڕۆژەکانی گەشتیاری، دەڵێن: بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت کاریگەری باشی لەسەر کارەکانیان ھەبووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش، دەڵێت: بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی کرێ و ڕسوومات کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت و دەبێتە ھۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری.

لەنێو بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ لێخۆشبوون لە ٢٠%ی داھات و باج و ڕسووماتی ساڵانەی سەر ھاووڵاتییان و پارەی قەرزی کەلەکەبووی ئاو و کارەبا، سێکتەری گەشتیاری گرتووەتەوە، ئەو ھۆتێڵ و مۆتێڵ و چێشتخانە و پڕۆژە گەشتیاریانەی قەرزی کەلەکەبووی باج و ئاو و کارەبای نیشتمانیان کەوتووەتە سەر، لە ٢٠%ی پارەی باج و قەرز دەبەخشرێن، بەوەش ئەو شوێنانەی قەرزێکی زۆریان لەسەرە سوودمەندی یەکەم دەبن لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت.
سێکتەری گەشتیاری یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانە لە ھەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا داھاتی گەشتیاری و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان دە بەرانبەر چووەتە پێشەوە، لە پێناو کارئاسانی زیاتر بۆ خاوەن پڕۆژەکانی گەشتیاری لە ئێستەدا داشکاندنی ٢٠% بۆ کارەبا، ئاو، باج و خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکانیش کراوە، خاوەن پڕۆژەکانیش پێشوازییەکی باش لە بڕیارەکە دەکەن. ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، گوتی: بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت لەبارەی ئەو داشکانەی بۆ کرێی کردووە کەرتی گەشتوگوزاریش دەگرێتەوە، کاریگەریەکی زۆر باشی لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت و ھاندانە بۆ ئەو کەسانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن، بڕیارەکە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، گوتیشی: لەلایەن شوێنە گەشتیارییەکان و ئەوانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن پێشوازییەکی زۆر باش لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە و ئەنجامەکی ئەرێنی دەبێت و کاردانەوەی زۆر باشی دەبێت، چونکە بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی ئەوانە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، زیاتر دەڵێ: بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت ھاوکارییەکی گرنگە لەم قۆناغەدا بۆ کەرتی گەشتوگوزار، چونکە بەپێی بڕیارەکە ھەرچی ڕسومات، قەرز، باج، کرێی کارەبا و ھەر پارەیەک ھەبێت ٢٠%ی کەم دەکرێتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی باش و پشتگیرییەکی گەورەیە لە خەڵک و کەرتی گەشتیاری.