ئەمڕۆ شەممە (27ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئیمارات بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لە رێگەی درۆنەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، کە بووە هۆ کوژرانی ژمارەیەک کەسی بێتاوانی یەمەنی.
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی دەکاتەوە، کە ئیمارات ئیدانەی هەر هێرشێکی تیرۆرستی دەکات کە ئامانجی لێی ناسەقامگیری ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، هەورەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتەکە پاڵپشتی ئیماراتی بۆ هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە عێراق گرتوویەتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایشی و سەقامگیری وڵاتەکە دووپات دەکاتەوە، هاوکات جەخت لە پەرۆشی ئیمارات بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی کارمەندە یەمەنییەکان دەردەبڕێت کە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو شەهید بوون.