روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش

بەڕێوەبەرایەتی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لەمیانەی راگەیاندراوێکا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی بە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو داواکراو لەگەل هێزەکانی ئاسایش لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، یەکێکیان گیانی سپارد و ئەویتریان بریندار بوو، کەسوکاری ئەو داواکراوەی گیانی لە دەست داوە لێدوانیان هەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی ماددەی هۆشبەرەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نایانەوێت جگە لە بڕیار و رێنمایی دادگاکان هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدەن و وەڵامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 6:15ـی ئێوارە، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بەدواداچوونی بۆ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە کرد.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، داواکراوەکان تەقەیان لە هێزەکانی ئاسایش کرد و لە ئاکامدا کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەسەختی بریندار کرد.

هاوکات لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایش، یەکێک لە داواکراوەکان کە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوو کوژرا و ئەوی دیکەیان دەستگیر کرا، وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، تا ئێستە لێکۆڵینەوە بەردەوامە

ھەواڵی زیاتر