چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە دۆڵی ئاکۆیان جێبەجێ دەکرێن

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە سنووری قەزای ڕواندز، ڕەزامەندی دراوە بۆ قیڕکردن و کۆنکرێت کردنی ڕێگەی شەش گوند و لە ماوەیەکی نزیک لەلایەن کۆمپانیای بیاو، پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، ڕایگەیاند: لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە بڕی حەوتسەد و شەست و نۆ ملیۆن و نۆسەد و شەست هەزار دینار، ڕەزامەندی دراوە بۆ قیڕکردن و کۆنکرێت کردنی ڕێگەی گوندەکانی ( ئاکۆکەون، ئاکۆیان، فەقیان، سەران، گەرەوانی خواروو، گەرەوانی سەروو ) لە سنووری قەزای ڕواندز. هەروەها پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ( بیاو ) لە ماوەی ٢٥٠ رۆژ جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی: پێشتریش پڕۆژەی تر لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ڕاکێشانی ئاو جێبەجێکرابوو، ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پڕۆژه‌كه‌ دیاریكرابوو بۆ جێبه‌جێ كردنی بریتی بووه‌ له‌ حەوتسەد و دوازدە ملیۆن دینار، له‌كاتێكدا ئه‌و ده‌رخسته‌یه‌ی كه‌ بۆ ته‌واوی پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش كرابوو، زۆر له‌و بڕه‌ زیاتر بووه‌ و دوو قۆناغیش دانراوبوون بۆ جێبه‌جێ كردنی. ئه‌و ده‌رخسته‌یه‌ی بۆ ته‌واوی پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش كرابوو، بودجه‌كه‌ی له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا بریتی بووه‌ له‌ یەک ملیار و هەشتسەد ملیۆن دینار و بۆ قۆناغی دووه‌میش بڕی شەشسەد و حەفتا ملیۆن دینار پێشكه‌ش كرابوو. به‌پێی ده‌رخسته‌كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌ حه‌وزی ئاوی ڕواندز له‌ ڕێگه‌ی ڕاكێشانی بۆرییه‌وه‌ ئاو ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ خه‌زانه‌ ئاوه‌كانی دۆڵی ئاكۆیان و له‌ قۆناغی دووه‌میشدا تۆڕی ئاو بۆ ناوخۆی گونده‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ لە دۆڵی ئاكۆیان سوودمه‌ندی پڕۆژه‌كه‌ ده‌بن بریتین له‌ گونده‌كانی ئاکۆیانی کۆن و خواروو، کەڕەک، ئاکۆکەون و کانی کەوان.