میدیاكانی توركیا چۆن باسیان لە سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ هەولێر كرد؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

هاتنی رەجەبر تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ هەولێر، باسوخواسی میدیاكانی توركیا بوو، ئەوان بەگرنگەوە باسیان لەو سەردانە كرد و پێیانوابوو، بەبێ هەرێمی كوردستان، ناكرێت پەیوەندییەكانی توركیا و عێڕاق بەرەوپێشەوە بچن.

ماڵپەری (ئایدنلك)ی توركی، باسی لە سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ هەولێر كردووە و بە گرنگ و ستراتیژی وەسفی دەكات و دەڵێت، بابەتی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە، دەبێتە تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەی ئەردۆغان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران.
بەهۆی ئەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان عێڕاق و توركیا نزیك بووەتەوە لە ٢٠ ملیار دۆلار و زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕی بازرگانییە پێویست دەكات لەرێگەی خاكی هەرێمی كوردستانەوە بێت، بۆیە شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، كاتێك باس لە پەیوەندی ئابووری نێوان عێڕاق و توركیا دەكرێت، نابێت هەرێمی كوردستان رۆڵی گەورەی تێدا نەبێت، بۆیە هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر، قورسایی و گرنگی خۆی هەیە.
ئاژانسی (دی دەبیلو )ی توركی، سەردءانیكردنی ئەردۆغانی بۆ بەغدا بە گرنگ وەسف كرد، لە هەمان كاتدا بەگرنگەوە باسی لە چوونی ئەردۆغان بۆ هەولێر كردوە و دەنووسێت، لەسەر پرسەكانی وەكوو پاراستنی سنوور و تیرۆر و ئاودا، رێككەوتنەكانی نێوان عێڕاق و توركیا زۆر گرنگ بوون، كە هەرێمی كوردستان بەشێكی گەورەیە تێیدا.
زیاتر دەنووسێت: ”پەیوەندی نێوان توركیا و عێڕاق، زۆرجار بەگومانەوە بووە، بەوەی ئاخۆ توركیا لەبری بەغدا، هەولێر هەڵدەبژێرێت، یان بەپێچەوانەوە. بەڵام سەردانیكردنی ئەردۆغان بۆ بەغدا و پاشان بۆ هەولێر ئەوەی سەلماند، كە لەلایەن توركیاوە، هەولێر و بەغدا بۆ یەكتری ئەڵتەرناتیڤ نین، بەڵكوو ئەوان تەواوكەری یەكترین.“
توركیا هەرگێز بەبێ هەولێر هەنگاو نانێت بۆ باشكردنی پەیوەندی نێوان توركیا و عێڕاق، چوونكە باش لەوە گەیشتووە، كە ئاساییشی عێڕاق پەیوەستە بە هەولێر و ئەگەر هەولێر نائارام بێت و پشتگوێ بخرێت، عێڕاق ناتوانێت ببێتە وڵاتێكی گرنگ بۆ توركیا، بۆیە ئەردۆغان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ سودانی، گوتی دەچمە هەولێر و داواشی كرد، كە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بەباشی بمێنێتەوە.
تەلەڤزیۆنی (سی ئین ئین )ی توركیا، گرنگییەكی گەورەی بەسەردانەكەی ئەردۆغان بۆ هەولێردا و ئاماژەیدا، كە ئەو پێشوازییە گەورەیە و ئەو رێوڕەسمەی بۆ ئەردۆغان كراوە، وەكوو ئەوە وایە دەوڵەتێك ئەو رێوڕەسمەی كردبێت.
هەروەها چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی ئامادە بوون و شڕۆڤەی سەردانەكەیان بۆ هەولێر دەكرد و باسیان لەوە دەكرد، ئەو رێوڕەسمەی كراوە و ئەو پۆلیسانەی لە فڕۆكەخانە پێشوازیان لە ئەردۆغان كرد، زۆر بەجوانی و زۆر بە بایەخ بوو و سەرسام بوون بەو پڕۆتۆكۆڵەی ئامادە كراوە.
ئەوەی گرنگ بوو، باسیان لەو ساتە كرد، كە ئەردۆغان لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكیان كرد و لەژێر وێنەی موستەفا بارزانی نەمردا دانیشتن و دەركەوتن.
تەلەڤزیۆنی ناوبراو، زۆر بەگرنگییەوە باسیان لە بارزانی نەمر كرد و گوتیان سەرۆكێكی گەورەیە لەناو كورد و لە هەموو شوێنێك وێنەی هەڵواسراوە.