لە هەولێر ..گەورەترین “سەنتەری هیمۆفیلیا” لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان کرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.23، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى ئیدارى و حکومى و پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، لە ڕێو رەسمێکدا گەورەترین “سەنتەری هیمۆفیلیا” لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان لە نێو نەخۆشخانەى نانەکەلى هەولێرى پایتەخت کرایەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، دواى ئەوەى پارێزگارى هەولێر و وەزیرى تەندروستى سەرجەم بەش و هۆبەى سەنتەرەکەیان بە سەرکردەوە کە بەشێوە و شێوازێکى سەردەمیانە دروستکراوە، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەکردنەوەى ئەم سەنتەرە نیشاندا و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و ستافى نەخۆشخانەکرد و هەروەها سوپاسى بنەماڵەى خێرخواز “ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلى” کرد کە ئەرکى دروستکردنى سەنتەرەکەیان گرتۆتە ئەستۆ و تیشکى خستە سەر ئەوەى کە کردنەوەى ئەم سەنتەر کاریگەرى گرنگ و باشى دەبێت لە چارەسەرکردنى تووشبووانى هیمۆفیلیا نەک تەنها لە هەولێر بەڵکو لە تەواوى هەرێمى کوردستان و شارەکانى ترى عێراقیش و یەکێکە لە شوێنە گرنگیەکانى شارەکەمان بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تەندروستى.

جێگەى باسە، سەنتەری هیمۆفیلیاى نەخۆشخانەى نانەکەلى، کە گەورەترین سەنتەرە لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان و لە هەمانکاتدا سەنتەرە بۆ پێدانى چارەسەرى سروشتى بۆ نەخۆشانى “هیمۆفیلیا و شێرپەنجە” بە تایبەتى “شێرپەنجەى مەمک”، بە گوژمەى زیاتر لە (1 ملیۆن دۆلار) لە سەر ڕووبەرى (850 مەتر2) دروستکراوە.

ھەواڵی زیاتر