وەزیری پەروەردە: سەرۆکی حکوومەت گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی پەروەردە داوە

چواس خالید – هەولێر

له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ڕاپه‌ڕین قوتابخانه‌یه‌كی نوێ كرایه‌وه‌ و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕایده‌گه‌نێت؛ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین یه‌كێكه‌ له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی ئاستی پڕۆسه‌ی خوێندن تێیدا ئاستێكی باشه‌، له‌هه‌موو ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كانی پێشه‌وه‌ن.

دوێنێ، له‌ میانی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی نوێ له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، سوپاسی تایبه‌تی سه‌رۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ده‌كه‌م، بۆ گرنگیدان و پاڵپشتیكردنی كه‌رتی په‌روه‌رده‌، باسی لەوەشکرد، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش کە دەکرێتەوە له‌ دیدی جه‌نابیانه‌وه‌ ئه‌ركێكه‌ كه‌ پێشكه‌شی قوتابیان و مامۆستایانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین ده‌كرێت.
وه‌زیری په‌ره‌وه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، ڤیژن ئیدۆكه‌یشن له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٨، پاڵپشت و هاوبه‌شییه‌كی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ له‌ هه‌موو سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی ڕابردوودا، به‌ به‌های زیادتر له‌ ملیارێك و پێنج سه‌د ملیۆن دینار، قوتابخانه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئالان حمه‌ سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ڤیژن ئیدۆكه‌یشن بۆ ئه‌مساڵی خوێندن، پێنج سه‌د و دوازده‌ قوتابخانه‌ی له‌ ئیداره‌ی سۆران نۆژه‌نكردووه‌ته‌وه‌ به‌ دابینكردنی ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌، تا ئێستا و به‌ گشتی بیست و شه‌ش قوتابخانه‌ی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و مێرگه‌سوور و له‌ قه‌ڵئدزێ و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌ جیاوازه‌كان نۆژه‌نكردووه‌ته‌وه‌.
وه‌زیری په‌ره‌وه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، “ئه‌م پاڵپشتییانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ ده‌كرێت، بایه‌خێكی گرنگی هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌به‌رهێنانێكه‌ به‌ به‌رده‌وامی و به‌ناوی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، سپاسی ڤیژن ئیدۆكه‌یشن ده‌كه‌م بۆ پاڵپشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌كرد، ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین یه‌كێكه‌ له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی ئاستی پڕۆسه‌ی خوێندن تێیدا ئاستێكی باشه‌، له‌هه‌موو ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كانی پێشه‌وه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ به‌گوێره‌ی توانا هه‌وڵمانداوه‌ پێداویستییه‌كان دابین بكه‌ین و له‌ وه‌زاره‌ت ئه‌وله‌ویه‌تمانداوه‌ به‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان.
له‌ كۆتایی گوته‌كانیدا ئالان حەمه‌ سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی به‌رده‌ستن له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، خوێندن له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، له‌ گونده‌كان، ناحیه‌كان و قه‌زاكان، له‌گه‌ڵ خوێندن و ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری پارێزگاكان هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌ و هه‌ندێك جار ئاستی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان باشتره‌.
به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا دوو سه‌د و شه‌ست و یه‌ك پڕۆژه‌ی له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستا جێبه‌جێكردووه‌، كه‌ شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌یان له‌ هه‌ولێر و حه‌فتا و حه‌وت پڕۆژه‌ له‌ سلێمانی و چل و دوو پڕۆژه‌ له‌ پارێزگای دهۆك و سێزده‌ پڕۆژه‌ی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێكردووه‌.
هاوكات هه‌ژده‌ پڕۆژه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌میان و هه‌ژده‌ پڕۆژه‌ش له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ڕاپه‌ڕین و بیست و پێنج پڕۆژه‌ی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و شه‌ش پڕۆژه‌ی بواری په‌روه‌رده‌ی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ جێبه‌چێكردووه‌ و پێشكه‌شی هاووڵاتیانی كردووه‌.