د. دیندار زێباری: هەوڵ دەدرێت یاسای کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان هەموار بکرێت

د. دیندار زێباری دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمدا جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە .

ئەمڕۆ (126)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەست کردن بە گرنگیی کاری رۆژنامەنووسی بۆ خستنەڕووی شەفافییەتی زیاتر لە راپەراندنی کاروبارەکانی دا، ئەرکی خۆی بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و داکۆکیکار بۆ کاری رۆژنامەنووسی جێبەجێ دەکات، کە لە سایەی دا میدیاکاران بتوانن ئەرکی پیشەیی خۆیان راپەڕێنن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری ڕۆژنامەنووسی بە یاسای ژمارە  35ی ساڵی 2007 رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان رێکخستووە کە تێیدا ئەرک و مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دیاری کراوە.”

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی، “بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوا بەدوای پەسەند کردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کابینەی نۆیەمدا (11) راسپاردەی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی کەوتنە پڕۆسەی جێبەجێکردن کە لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆڕگانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە ئاڕاستەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرابوون، ڕێکاری  تایبەتیش گیراوەتە بەر سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری”.

بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بەم شێوەیە بوون: لە ساڵی 2022 تەنیا (1) ڕاسپاردە جێبەجێ کرابوو، و (5) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، و (5) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون. بەڵام لە ساڵی 2023 دا (7) ڕاسپاردە جێبەجێکراون و (1) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (3) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە.

لەبارەی پاراستنی مافی یاسایی ڕۆژنامەنووسان دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو: لە ساڵی 2023 دا (5) داوای یاسایی دژی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ دادگا بەرز کرانەوە لەسەر بابەتی جۆراوجۆر وەک سازشکردن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ناوزڕاندن و سوکایەتی و هەڕەشە کردن، پارێزەری دابین کراوە بۆ بەرگری کردن لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن. هەروەها لە ساڵانی 2021 تاکو 2023 نزیکەی (65) نووسراو لە دادگا و پۆلیس ئاڕاستەی سەندیکای رۆژنامەنووسان کراون، لەلایەکی دیکەوە (2) داوا لە دادگاکان و (2) داوا لە داواکاری گشتی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار کراون”.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری رۆژنامەنووسی ڕێکخستووە و گوتی: لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە (2000) میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە لەوانە: (130) ماڵپەڕی هەواڵی، (138) ڕادیۆ،  (263) ڕۆژنامە، (726) گۆڤار، (31) کەناڵی ئاسمانی و (85) کەناڵی ناوخۆیی، هەروەها بۆردێک پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی راگەیاندن. لەلایەکی دیکەوە ئاماری ئەندامانی سەندیکا لە ساڵی 2023 بەم شێوەیە بووە (6910) ئەندامی کارا، (242) ئەندامی مەشقکار و (2020) ئەندامی بەشدار.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رووی یاساییەوە هەوڵ دەدرێت کە یاسای کاری رۆژنامەنووسی هەموار بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و لەم رووەوە گوتی:  کاتێک یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007  پەسەند کرا ئەو کات تەنیا باس لە رۆژنامەنووسی خوێنراو کراوە، بەڵام ئێستا میدیای ئەلکترۆنی هەیە، و پێویستە یاساکە هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا لەخۆ بگرێت.

ھەواڵی زیاتر