ئەمڕۆ ١٢٦ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت کە بە سەرەتای ڕۆژنامەگەری کوردی دادەنرێت. ئیسماعیل ئیبراھیم، بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئێستە ڕاگەیاندنی کوردی گیرۆدەی ئایدۆلۆژیا، ئاراستەی سیاسی، بەرژەوەندی حیزبی و لەوەش کارەساتتر گیرۆدەی ھزری گرووپ و تاقمێک بووە، بۆیە خوێنەر و بینەر و بیسەر تووشی سەر لێشیواندن بوونە، ئەمەش وای کردووە ڕاگەیاندنی کوردی نەتوانێت پیشەییانە و یاسایانە کار بکات. دەشڵێ: بەشێک لە میدیای کوردی سەری لە شەقام شێواندووە، زۆرجاریش ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی تێکداوە و مەترسی دروست کردووە، بۆیە ڕاگەیاندنی کوردی ھۆکارێکی سەرەکییە لەم ئالۆزیانەی ئێستە ھەیە.
لە ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاھیرەی پایتەختی میسر، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان دەرکرد، ئەم ڕۆژنامەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا لە شوێنی جیاواز چاپ کرا و بە گشتی ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو، ڕۆژنامەی کوردستان ھەر بەو ناوە لە چەند سەردەمێکی تر دەرچوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بناغەی ڕۆژنامەگەری کوردی ١٢٦ ساڵ لەمەوبەر دانراو و ئێستە بە سەدان ڕۆژنامە، تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار، ماڵپەڕ و پەیجی تایبەتی لە سەرانسەری کوردستان خەریکی کاری ڕۆژنامەگەرین.
ڕۆژنامەی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەبوو، چونکە تا ئەوکات زمانی کوردی تەنیا قسەی پێ دەکرا یان لە چوارچێوەی شیعر و پەخشان و گێڕانەوە کاری پێ دەکرا، کاتێک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەرچوو، کوردیش وەک ھەموو گەلانی تری دنیا چووە ناو دنیای ڕۆژنامەگەرییەوە، بەبڕوای ھەندێک لە ڕۆژنامەنووسان دوای ١٢٦ ساڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەیانتوانیوە کار لەسەر یەکگوتاری نێو ماڵی کورد بکەن، بەڵکو زۆرجار بوونەتە ھۆکاری پەرتەوازەکردنی نێو ماڵی کورد، بۆیە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان کاریگەری خراپیان ھەبووە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە.
- ئایا میدیای کوردی، بە ڕەچاوکردنی یاساوڕێسای کارپێکراو کار دەکات؟
- ڕاگەیاندنی کوردی ئێستە لە دۆخێکی ئاڵۆزی کار کردندایە، بە جۆرێک لە مێژووی خۆی بەم شێوەیە تووشی سەرگەردانی نەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ ھاتنە کایەی سۆشیاڵمیدا، بۆیە کار کردن بە یاسا بەرکارەکانی کاری ڕۆژنامەگەری ناتوانێت وەک پێویست ڕۆڵی خۆی بگێرێت، لەبەر ئەوە یاساکە پێویستی بە ھەموار کردنەوە ھەیە، تا لەگەڵ ئەو واقعەی کاری ڕاگەیاندن لە کوردستان ھەیە بگونجێت، ئێستە ڕاگەیاندنی کوردی گیرۆدەی ئایدۆلۆژیا، ئاراستەی سیاسی، بەرژەوەندی حیزبی و لەوەش کارەساتتر گیرۆدەی ھزری گرووپ و تاقمێک بووە، بۆیە خوێنەر و بینەر و بیسەر تووشی سەر لێشیواندن بوونە، ئەمەش وای کردووە ڕاگەیاندنی کوردی نەتوانێت پیشەییانە و یاسایانە کار بکات. - ڕاستە میدیا بەشێکی زۆری سەلیقە و کەمێکی ئەکادیمیایە. بەڵام لە ھیچ بارێکدا ئەوە ئەگەرێکی کراوەنییە کە ھەر کەس بیەوێت بێ سێ و دوو، بتوانێت بێتە ناو بوارەکەوە و، کەسیش بۆی نەبێت بڵێ بوەستە؟
- جگە لە چەند دامەزراوەیەکی دیاری ڕاگەیاندن نەبێت کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، ئەوانی دیکە نە سەلیقەیان ھەیە و نە پیشەیانە کار دەکەن، بۆیە لە لایان گرنگ نییە، کێ و چۆن لە دامەزراوەکەیان کار دەکات، گرنگ ئەوەیە ئەو ڕۆژنامەوانەی وەک کارمەند لایان کار دەکات بە پێی ویست و دونیا بینینی ئەوان و بە کەمترین مووچە کار بکات و بجووڵێتەوە، ئەمەش ھەم لە ئاستی پڕۆفیشناڵی و زانستی ڕاگەیاندن کەم دەکاتەوە، ھەمیش سەر لە شەقام دەشێوێنێت، زۆرجاریش ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیش تێکدەدا و مەترسی دروست دەکات.
* سۆشیاڵمیدیای کوردی وەک دەروازەیەکی گرنگی ڕاگەیاندن، چۆن مامەڵەی پێوە کراوە؟
- کاتێک کەناڵ یا پێج و ماڵپەڕێک لە جیاتی بیر کردنەوە لە ڕاست و دروستی ھەواڵ و بەدواداچوونەکانیان، بیریان تەنها لای لایک و کۆمێنتە و ھەڵسەنگاندنیان لەسەر بنەمای زۆری و کەمی لایک و کۆمێنت بێت، ئەو کاتە ڕاگەیاندن دەکەوێتە لێژییەوە، جگە لە کۆپی کردنی ھەواڵ و بابەتی ماڵپەڕەکانی دیکە بێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکانیان، بوونی ھەزاران پێجی ساختە بە ناوی جیاجیای دروستکراو، کە نە یاسا نە ھیچ کەس و لایەک ناتوانێت لە سەرپێچ و تەشهیرەکانیان بیانداتە دادگە، ئەمانە شێرپەنجەی میدیای کوردین، ئەو پێجانە تەنھا بۆ زیادکردنی ئەکتیڤ و خوێنەرەکانیان باکیان بە ھیچ بەرپرسیارییەتێکی ئەخڵاقی نییە، بۆیە ڕوودەچنە ناو ژیانی تایبەتی ئەو کەسانەی ڕۆڵیان ھەیە لە چاکسازی و بە ڕەخنەکانیان سوود بە کۆمەڵگە و ھۆشیاری تاک دەگەینن، بەڵام زیانیان بۆ گەندەڵکاران ھەیە، ئەمەش وادەکات کەم کەس خۆی لە قەڕەی ڕەخنەی جیددی بدات لە دەستەڵات و گەندەڵکاران، جا بابەتەکە سیاسی بێت، یا حکومی و بەرێوەبردن.
- ئایا چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان چۆن دەڕواننە میدیای کوردی بەمجۆرەی ئێستە ھەیە؟
- ڕاگەیاندنی کوردی بەخۆی نەک بۆتە بەشێک لەو دۆخەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵکو ھۆکارێکی سەرەکییە لەم ئالۆزیانەی ھەیە، جا لەم جۆرە دۆخەدا پێتوایە تاکێکی گیرۆدە بووی بەدەست ئەو ھەموو کێشەیە چۆن لە میدیا دەڕوانێت.
- ئایا چۆن میدیای باش لە میدیای خراپ جیا دەکرێتەوە؟ پێوەرەکان چین ؟ کامیان بەردەوام بن و کامیان ڕابگیرێن؟
- ھیچیان ڕانەگیرێن باشە، بەڵکو یاسایەکی سەردەمیانە کە مەودای ئازادی ڕادەربڕین و کاری میدیا فەراھەم بکات، باشترین ھەنگاوە، کاتێک یاسایەکی تەندروستت ھەبوو، ماددە و بڕگەکانی سزا و سنووری دیاری کرد، بەو مەرجەی بەرەو کپکردنی دەنگە بوێرە ڕەخنەگرەکان نەڕوات و ھێڵی سووری بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی دانا وەک ھەموو وڵاتانی جیھان، ئەو کات شەقام زۆر بە ئاسانی ڕاگەیاندنی باش و خراب لێک جیا دەکاتەوە.