وەرزی بەهارە و چۆن سرووشت و ژینگەمان بپارێزین؟

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، هاوڵاتییان ڕوو لە سەیرانگاکانی کوردستان دەکەن، بۆیە پێویستە سرووشتی شوێنە گەشتیارەکانی کوردستان بپارێزین و پیسی نەکەین، چوونکە پ یسبوونی سرووشت زیانی زۆری هەیە، بۆیە پێویستە هەمیشە ژینگە و سرووشتی خۆمان خۆش بوێت و بیپارێزین. چالاکوانانی بواری ژینگە و کارمەندانی تەندروستی، هۆشیاری لە پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەدەن لە وەرزی بەهاردا. چالاکوانێکی بواری ژینگەش دەڵێت، هۆشیاری تاکی کورد بۆ پاراستنی ژینگە لە ئاستێکی نزمدایە. لە وەرزی بەهاردا، هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنێکی کاتێکی خۆش ڕوو لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەوەی لای ژینگە دۆستان بووەتە جێی نیگەرانی، پیسکردن و فڕێدانی پاشماوەکانە لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکاندا لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

بایز نوری، کارمەندی بواری تەندروستییە و دەڵێ: ژینگەی پاک و تەندروست کاریگەری دەبێت لەسەر دواڕۆژی نەوەکانی ئێمە، کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە. نەک هەر کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی، بەڵکوو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ژینگەیشەوە، دەبێت تیمی تایبەت پێک بهێنن، بۆ ئەوەی زیاتر ڕێنمای خەڵک بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین پیس ببێت، چوونکە ئەگەر ژینگە پاک نەبێت، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی جیاواز. ژینگە پارێزی هاوتەریبە لەگەڵ وڵاتپارێزی، چوونکە ئەگەر ژینگەیەکی پاکمان نەبێت، وڵاتمان بۆ چییە. من وەک کارمەندێکی تەندرووستی ڕۆژانە نەخۆشی شێرپەنجە دەبینم، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە ژینگەکەمان پاکوخاوێن نییە، ئەوەش وادەکات تەندروستی هاوڵاتییان تێک بچێت.
هەروەها عەزیز دلاوەر، کارمەندێکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزییە و دەڵێ: “پێویستە سەیرانگاکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە پاک و خاوێنی بمێننەوە و پیسی نەکەن، بەداخەوە ساڵانی ڕابردوو ساڵی نەهامەتی سەیرانگاکان بوو، زیاتر سەیرانگاکان پیس کراون، پیسکردن بە کەرەستەی پلاستیکی تەمەن درێژ کە سەدان ساڵی دەوێت بۆ توانەوە، جگە لەوەش زۆر داردەبڕنەوە و دەیسووتێنن ئەوەش بۆ ژینگە باش نییە وێرانی دەکات، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان هۆشیاری زیاتریان هەبێت بۆ پاک ڕاگرتنی ئەو سرووشتە جوانەی کوردستان. ژینگە پەیوەندی بە هەموو جومگەکانی ژیانەوە هەیە، تاکی کورد لەگەڵ کە ئاستی هۆشیاری ژینگەیی نزمە، ئامادەی کاری خۆبەخشیش نییە، بۆ پاراستنی سرووشت و ژینگەی وڵاتەکەی، کێشەی ئێمە نەبوونی نزمی ئاستی هۆشیاریی تاکی کوردە بۆ ژینگەپارێزی، کە ئەوەی بەلایەوە گرنگ نییە ژینگەیە.
ڕێبوار سامان، کارمەندێکی ژینگەپارێزە و دەربارەی پیسکردنی سەیرانگاکان دەڵێ: ” لە كاتی وەرزی بەهاردا خەڵكانێك زۆر گەشت و سەیران دەكەن و ژینگە پیس دەكەن. بۆیە پێویستە سەرەتا ڕێنمایی ژینگەپارێزی بدرێتە هاووڵاتییان و رۆشنبیری ژینگەپارێزی لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیاتر پەرەی پێبدرێت. بەتایبەتی كاتێك دەچین بۆ گەشت هەوڵبدەین ژمارەیەكی كەمتر ئۆتۆمبێل بەكاربهێنن و بۆ هەر خانەوادەیەك تەنیا یەك ئۆتۆمبێل هەبێت، نەوەك زیاتر لە یەك و دوان و سیان. ئەمەش بەو ئومێدەی جەنجاڵی زۆر نەبێ و ژینگەكەش كەمتر پیس ببێت. هەروەها پێویستە هاووڵاتییئان ئەو شوێنەی كە بۆی دەچن، لە دوایی خۆیان پاكی بكەنەوە، بەتایبەتی‌ وا باشترە پاشماوەكان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە. لایەنی پەیوەندیدار بەشێكی گرنگن لە پاراستنی ژینگە، بەڵام خەڵكیش ڕۆڵی گرنگی هەیە، هەربۆیە پێویستە هەر تاكێك لە ئێمە بەرپرسیاریه تی ژینگە پارێزی هەڵبگرێت، چوونكە لە توانای هیچ ڕێكخراوێك و لایەنێك نیە بە تەنیا پارێزگاری لە ژینگە بكات. خودی پاراستنی ژینگە و بەكولتوور كردنی ژینگەپارێزی لەسەر هەموو تاكێك پێویستە جێبەجێی بكات، پاراستنی ژینگە واتە گەشەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی، ئەمەش دەكرێت لەرێگەی ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار و ڕێگەكانی ترەوە ئەم ڕۆشنبیرییە لەلای خەڵكیدا زیاتر بكەی، ئەمەش وێڕای بە پڕۆگرامكردنی پا راستنی ژینگە لە قوتابخانەكان، چوونكە مرۆڤ هەمیشە لە پەیوەندییەكی بەهێزدایە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری، بۆیە پاراستنی ژینگە ئەركێكی نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەییە. هەربۆیە پێویستە گرنگی بە پاراستنی شەقامەكان و قوتابخانەكان بدرێت، بەتایبەتیش پێویستە دایك و باوكان، منداڵەكانیان وا پەروەردە بكەن كە ژینگە دۆست بن و هەمیشە بیر لە پاك و خاوێن راگرتنی ژینگە و كۆمەڵگەكەمان بكەنەوە. دەبێ ئەوەمان لەبیرنەچێت كە ئێمە ئەركمان لە ژینگە دەوێت، بۆیە پێویستە مافەكانیشی جێبەجێ بكەین. كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر خزمەتكردنی خۆمان و دەبێتە هۆی پێدانی هەوا و ژینگەیەكی پاك بۆ خۆمان.
دەشڵێت: “لەبەرچاو نەگرتنی پاراستنی ژینگە، دەبێتە هۆی تێکدانی ژیان لەسەر زەوی، ساڵ لە دوای ساڵ بە هۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم، دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ژینگە زیاتر دەبێت، بە تایبەتی دوای زیادبوونی داواکاری بۆ خۆراک و شوێنی حەوانەوە، ئەمەش وایکرد مرۆڤ پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانەکان ببات بە مەبەستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەو پیشەسازی، ئەمەش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر سیستمی ژینگە و دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی نێوان ڕێژەی هەردوو گازی دوانەئۆکسید و ئۆکسجین لە هەوادا. چارەنووسی مرۆڤ پەیوەستە بە هاوسەنگی ژینگەی دەورووبەری، هەر جۆرە لاسەنگییەک لەو سیسمە ڕووبدات، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، لەم سۆنگەیەوە مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی خۆی، دەبێت هەوڵی پاراستنی سیستمی ژینگە بدات. پاراستنی ژینگە و ڕێزگرتن لە ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە، دەبێت سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ بە وشیارییەوە بەرامبەر بە ژینگە هەڵسوکەوت بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی.
هەروەها دەستەی ژینگە و گەشتوگوزاریش چەند خاڵێکیان باسکردووە کە تایبەتە بەوانەی دەچنە شوێنە گەشتیارەکان و کە چۆن سرووشت بپارێزن، ئەوانیش وەکوو پیس نەكردنی رووبار و چەمەكان بە فڕێنەدانی پاشماوەكان بۆ ناویان بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو و كاریگەریی لەسەر زیندەوەرانی ناو ئاوەكە دروست نەکات. گوێڕایەڵیی بۆ پۆلیسی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان. كۆمپانیا گەشتیارییەكان راسپێردراون كە ژینگەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاك و خاوێنی بپارێزن. داوا لە گەشتیاران و سەیرانكاران دەكەین هاوكاریی تیمەكانی گەشتوگوزار و ژینگە بن كە رێنوێنی و رێپیشاندەریانن بۆ سەیران و گەشتەكان. دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە مەترسیی هەبوونی مینی لێ دەكرێت و دەستكاری نەكردنی بۆ سەلامەتی هەمووان. راونەكردن و ئازارنەدانی ئەو گیانلەبەرە كێویانەی كە لە نزیك شوێنە گشتیارییەكان و سەیرانگاكان هەن. خۆدوورگرتن لە دروستكردنی قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێل لە رێگاكان و پەكخستنی رێڕەوی رۆیشتن و بەكارنەهێنانی ئامێری ئاگاداركردنەوە (هۆڕنلێدان) بۆ ئەوەی ژاوەژاو دروست نەبێ.
خەلیل بەدر، دەربارەی پاکڕاگرتنی سرووشت و ژینگە دەڵێ:” سەیران کردنێک کە ببێتە هۆی ئەوەی ژینگەی سەیرانگا و سروشت پیس بکرێت وەک شێرپەنجەیەک وایە کە دەکەوێتە جەستەی مرۆڤەوە، سەیران کردن ئەو کات مانای خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئێمە بۆ سرووشت نیشان دەدات کە دوای سەیران و ڕابواردن لە ناو سرووشتدا لە دوای خۆمان ژێنگەیەکی خاوێنمان جێ هێشتبێ. پیس کردنی سەیرانگا و ژینگە پەیوەندی بە نزمی ئاستی رۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئەو كەسانەوەیە كە شت فڕێ دەدەن. هەر بنەماڵەیەک دوای سەیران ئاستی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی خۆیان بە خاوێن جێهێشتنی شوێنی سەیرانەکەیان دیارە. مرۆڤ هۆكاری سەرەكی و بنچینەیە بۆ پیسبوونی ژینگە، گەورەبوونی پیشەسازی و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و خراپ بەكارهێنانی مادەكان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، كە هەموویان پەیوەندیان بە مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ یەکەم بەرپرسیارە لە ئاست خاوێنڕاگرتنی ژینگە کاتێک مرۆڤ دەچێتە بۆ ناو سەیرانگا بە بردنی سەیارە و کەلوپەلی سەیران بەشێکی زۆری تەکنەلۆژیا لەگەڵ خۆی دەبات، خراپ بە کار هێنانیان کاریگەری نەرێنی و درێژمەودا بە جێ دێڵێت بە سەر ژینگە و سەیرانگاوە. جێهێشتنی پاشماوەی خۆراک و زبڵ لە سەیرانگاکان جیا لەوەی ئاستی کەمبوونی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئێمە نیشان دەدات، زۆر كات ئەو پاشماوەیەی كە زۆر سادە و ساكار لێی دەڕوانیت و بێباكانە فڕێی دەدەیتە نێو جوانییەكانی سرووشت، تەمەنێكی دیاریكراویان دەوێت بۆ شیبوونەوە و لە ناوچوون، کە کەمترین ماوەی بۆ زبڵێکی سادە وەک فیلتەری جگەرە پێویستی بە ٢ ساڵ هەیە بۆ شیبوونەوە و لە ناوچوون و یەك بتڵی شوشە دەتوانێت تەنانەت بۆ یەك ملیۆن ساڵ لە سرووشت دا بمێنێتەوە. پاشماوەی خۆراك یان پێداویستییەكانت، بە كەم تەماشا مەكە، هەوڵ بدە بیانخەیتە شوێن و جێگەی گوونجاو تا لایەنی بەرپرس خەمی لە ناوبردن یان دووبارە بە كارهێنانەوەی بخۆن و لەگەڵ خۆت بیناهێنەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ زبڵەکانی ماڵەوە فڕێیان بدە.