عێراق چەقی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و توند بوونی ناکۆکییەکان دۆخێکی مەترسیداری هێناوەتە ئاراوە، بە بڕوای چاودێران و شیکاریی ڕۆژنامە جیهانییەکان، بچوکترین هەڵە عێراق دەخاتە ناو گەورەترین مەترسییەوە بەو پێیەی عێراق وەک چەقی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەناسرێت و وڵاتانی خاوەن هەژموون تیایدا پێکەوە ڕۆڵیان لەسەر هەیە.

میلیشیاکانی عێراق
ئەوەی لەم دۆخەدا عێراق و حکوومەتەکەی سوودانی خستووەتە بەردەم ئیحراجی و مەترسیی توڕەیی وڵاتانی هاوپەیمان لە عێراق، هەبوونی هەزاران چەکداریی نایاسایی و گرووپی میلیشیاییە کە بە هیچ شێوەیەک پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی عیراق نین و سیاسەت و ئەجێندای دیکە پەیڕەو دەکەن. لە نوێترین پێشهاتی ئەو گروپە میلیشیایانە، هەڕەشەکانی مقاوەمەی ئیسلامییە، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هێرش بكاته سه‌ر‌‌ ناوخۆی عێراق و یاخوود وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، ڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامیان ده‌بێت. ڕه‌تیشیده‌كاته‌وه‌، هیچ پاساوێك بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ژێرهه‌ر ناوێكدا نییه‌.
مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ڕراگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت، “گۆڕینی ناوی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانان و هه‌ر ناوێكی دیكه‌، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ و بووه‌ته‌ بارێكی قورس بۆسه‌ر سینگی عێراقی بریندار”.
دووپاتیشیكرده‌وه‌، كه‌ “ئه‌مه‌ریكا سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراقیشی پێشێل كردووه‌ و جیا له‌ كۆنترۆڵی بڕیاری سیاسیش”.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌مه‌ریكا به‌ نیاز نییه‌ هێزه‌كانی له‌ عێراق بكشێنێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژماره‌ی هێزه‌كانی زیادكردووه‌.
روونیشیكردووته‌وه‌، به‌هۆی پاڵپشتی واشنتن بۆ ئیسرائیل، رۆژ له‌ دوای رۆژ رێژه‌ی تاوان و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان زیاد ده‌بن.
هۆشداریشیدا، “هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن ئیسرائیل یاخوود ئه‌مه‌ریكا بكرێته‌سه‌ر عێراق یاخوود وڵاتێكی دراوسێ، وه‌ڵامی راسته‌وخۆمان ده‌بێت و هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌ستمان ده‌یگاتێ”.

ڕۆڵی چارە کردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا
بە بڕوای چاودێران، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز و خاوەن بڕیار لە بەغدا هەبێت، سەرەتا دەبێت کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارە بکات. بە تایبەت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە دەیان ساڵە درێژەی هەیە و کەڵەکە بووە. باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغداوە ئاماژە بەوە دەکات، عێراقی به‌هێز واته‌ عێراقێكی فیدراڵ و فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگ، هاوكات سنووره‌كانی خۆی بپارێزێت و ڕێگه‌ به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی نه‌دات.
فه‌یسه‌ڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوەش دەکات، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوودانی ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی ئه‌رێنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێویسته‌ و ده‌بێت پرسه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكرێن. گوتیشی، به‌غدا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌یش دژی ده‌ستووره‌.
دووپاتی كرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌نده‌ ده‌ستووریی و یاساییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ حكوومه‌تی عێراق جێبه‌جێ كردووه‌.

مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ عێراق گرنگە
ئەوەی لە ئێستادا جارێکی دیکە بووە بە باسوخواسی میدیا عێراقییەکان، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق، بە تایبەت دوای سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا، کە بێگومان دەبێتە تەوەرێکی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە. گۆڤاری فۆڕن ئەفێرسی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لە 21 ساڵی رابردوودا زۆرینەی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیان و دەرکردنی هێزە بیانییەکانیان داوە، بەڵام عێراق، بۆ ئەمەریکا بنکەی دارشتنی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نایەوێت بە ئاسانی لێی بکشێتەوە.
گۆڤاری فۆڕن ئەفێرس ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ململانێی ناوخۆی عێراق سەبارەت بە کشانەوەی ئەو هێزانە یاخود بەردەوام بوونیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات: هەرچەندە سوودانی بەدوای گێڕانەوەی هەژموونە بەسەر هێزە چەکدارەکان، بەڵام حەشدی شەعبی بە نزیک لە ئێران دادەندرێن و سەربەخۆیانە ڕەفتار دەکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات، بەڵام پلانی ڕوونی نییە بۆ جڵەوکردنی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمەریکا سستە لە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، چونکە لە ئەگەری وەها جوڵەیەک مەیدانەکە بۆ تاران چۆڵ دەکات.
ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە ئەوەی خستووەتە ڕوو، واشنتن پێویستە پێگەی خۆی بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت، بەڵام لە ئاستی باڵای عێراق هاوڕێی نییە، هەرچەندە کوردەکان نێوانیان لەگەڵی باشە و داوای مانەوەی دەکەن.

عێراق دەتوانێت نەبێتە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان
ئەگەرچی تا ڕادەیەکی زۆر عێراق سەرەوەری و بڕیاری سەربەخۆی لە دەستداوە و ئەمە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، بەڵام هێستا ڕێگا لەبەردەم عێراقدا ماوە بە ئاگری ناکۆکییەکان نەسووتێت و نەبێتە بەشێک لە ملانێ و کێشەکان.
د. عه‌باس كازم به‌رپرسی به‌رنامه‌ی عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تڵه‌نتیك له‌ واشنتن، لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات، هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ له‌وه‌ی عێراق خۆی له‌ ئاگری شه‌ڕیی ئیسرائیل و ئێران دوور بخاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ وڵات به‌ شێوه‌ك له‌ شێوه‌كان چوونه‌ته‌ نێو ململانێكان، هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
دەشڵێت؛ عێراق ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌ركردنی بڕیارێكی سیاسی و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ململانێی ناوچه‌كه‌ و لایه‌نگری هیچ وڵاتێك نه‌كات.
ئه‌وه‌ش ڕادەگەیەنێت؛ ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێ و به‌شێكیش بێت بۆ چاره‌سه‌ری ململانێكان.