بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی، لایەنە براوەکانی کەرکووک سازش لەسەر داواکانیان ناکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای جەژن دووبارە لەگەڵ پێکهاتە و لیستە سەرکەوتووەکانی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە. بەرپرسی لقی سێی پارتی لە شارەکە، دەڵێت: ئۆمێد دەکەین دوای جەژن حکوومەتی خۆجێی شارەکە پێکبێت. دەشڵێ: لە کەرکووک ھەمیشە کورد زۆرینە بووە پارێزگار ئیستحقاقی کوردە، بەڵام کوردێک بێت ھەموو پێکھاتەکان لەسەری کۆک بن.

زیاتر لە سێ مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بووە، بەڵام تا ئێستە لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ پێکھێنانی ئیدارەی نوێی شارەکە، ئەگەر بەم شێوەیە بارودۆخەکە بەردەوام بێت، ئاسۆی پێکھێنانی ئیدارەی نوێ دیار نییە، لایەنە براوەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەر یەکە و مەرجی خۆی ھەیە، پارتی سوورە لەسەر مەرجەکانی و دەیەوێت پارێزگارێکی کوردی بێلایەن کە جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان بێت ئیدارەی شارەکە بدات.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند، محەممەد شییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای جەژن لەگەڵ پێکھاتە و لیستە سەرکەوتووەکان کۆدەبێتەوە، ئۆمێد دەکەین دوای جەژن حکوومەتی خۆجێی شارەکە پێکبێت و ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بێت، بۆ ئەوەی بە دەوری خۆی ھەستێت.
بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: لە کەرکووک ھەمیشە کورد زۆرینە بووە پارێزگار ئیستحقاقی کوردە، بەڵام کوردێک بێت ھەموو پێکھاتەکان لەسەر ڕازی بن.
لەلایەکی دیکەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: ھەموو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن ھەریەکەیان داواکاریی خۆی ھەیە، کەسیش سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات و دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت بەدەست بھێنێت، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانین بگەینە ئەنجامێک، ھەر چەندە کۆمەڵێک خاڵی ھاوبەشی زۆر لەنێو لایەنە براوەکانی شارەکەدا ھەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کەرکووکمان داوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی دۆخی کارگێڕی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی پارێزگایەکی خۆسەپێن بگەڕێنینەوە و کار دەکەین بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی کاریگەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی شارەکە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: لەسەر ئەو بەرنامەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دایناوە، بەشێوەیەکی ھاوسەنگ خزمەت دەکەین و ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانی کەرکووک بە یەک چاو دەبینین و ھیچ جیاوازییەک ناکەین لە خزمەتکردنیان، بەتایبەتی کە پێشتر ئەو ھاوسەنگییە ڕانەگیرابوو لە خزمەتکردنی شارەکە و خەڵکەکەی، بۆیە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە چ ئەوانەی کراون، چ ئەوانەشی کە دەکرێن، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ھەلی کار بۆ خەڵکی شارەکە بدۆزینەوە و دەستەبەر بکەین.

ھەواڵی زیاتر