وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە.

رۆژی هەینی (5ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری، لیستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.

محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، رایگەیاند: رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

هەورەها بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی، خشتەی مووچەکە بەپێی کاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەکاتی دروستبوونی هەر گۆڕانکاریەک لە هاتنی تەمویلەکە گۆڕانکاری لە خشتەکەشدا دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەشی ژمێریاری وەزارەتەکە دەستیکردووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەران، چاودێری کۆمەڵایەتی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و گرێبەستەکان، بەبێ ئاماژەپێکردن بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەو راگەیەندراوەش، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، “بەشێکی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەکەین”.

هەروەها لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار ئەنجامدا.

هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دیناریان لە لقی هەولێی بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرت بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم، داوای 944 ملیار دیناری کردبوو.

هەمان رۆژ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی بڵاوکردەوە. رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و تا رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) بەردەوام بوو، هەروەها لە (3ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی 352 ملیار و 700 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دابینکرد.

ھەواڵی زیاتر