نرخی خۆراک و خواردەمەنییەکان لە ھەرێمی کوردستان دابەزیوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نرخی خۆراک و خواردەمەنی لە ھەرێمی کوردستان دابەزیوە، لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لە شار و شارۆچکەکان سەردانی شوێنەکان دەکەن و تەماشای کوالێتی و نرخی خۆراک دەکەن. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی ھەولێر: دەڵێت: لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا سەردانی نزیکەی ھەزار شوێنمان کردووە، سزای دوو سەد و سی و سێ شوێن دراوە، ھەندێک شوێنیش داخراون و دەستیش بەسەر بیست و دوو تۆن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوودا گیراوە.

چەند ڕۆژێکە، نرخی بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان کە ھەندێکیان خواردەمەنی ڕۆژانەن وەک زەیت، برنج، ئارد، گۆشت، ھێلکە، تەنانەت نرخی سەوزە و میوەش ھەرزان بووە، ھۆکارەکەشی پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمەوە ھەیە. فرۆشیارانیش، دەڵێن، ھەرزانبوونی زۆرێک لە ماددە خۆراکییەکان، لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر شت گران بوو خەڵک کەمتر ڕوو لە بازاڕ دەکەن، بەڵام ئەگەر ھەرزان بێت وەکو ئێستە خەڵک زیاتر بازاڕ دەکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکات، بۆ ئەوەی قۆرخکاران نرخی کەلوپەل گران نەکەن، ھەر لەبەر ئەوەش سەرۆکی حکوومەت چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دەرکرد. ئابووریناسان، دەڵێن: سەرۆکی حکوومەت ھەندێک بڕیاری زۆر باشیدا یەکێک لەو بڕیارانە کەمکردنەوەی باج بوو، ئەوەش وا دەکات لە دەروازەکان بە نرخێکی گونجاوتر خۆراکێکی زۆر بێتە ھەرێمی کوردستان، بەوەش نرخی کەلوپەل ھەرزانتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات بازاڕی کوردستان خۆشتر ببێت.
لە ھەرێمی کوردستان ھەر کەسێک کەرەستەی ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت، یان نرخ بەرز بکاتەوە، بە سەرپێچی تۆمار دەکرێت، سزاکەشی داخستن، سزای ماددیی و ھەندێکجاریش خاوەنەکەی دەدرێتە دادگە، لیژنەکانی قایمقامیەت لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێری نرخی شتومەک دەکەن، زۆرینەی بابەتەکان نرخیان جێگیرە، وەکو ئارد، ڕوون، شەکر، چا و برنج، بەراورد بە ڕەمەزانی ساڵی ڕابردووش نرخیان دابەزیوە. ھۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی ھەولێر: دەڵێت: بەردەوام لیژنەکانمان دەگەڕێن، لە مانگی ڕەمەزاندا سەردانی نزیکەی ھەزار شوێنمان کردووە، سزای دوو سەد و سی و سێ شوێن دراوە، ھەندێک شوێن ھەر داخراون، دەستیش بەسەر بیست و دوو تۆن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوودا گیراوە.