وەزیری پەروەردە سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییانی كارەساتەكەی بەسڕە دەكات

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییانی كارەساتەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی پارێزگای بەسڕە كرد كە بەهۆیەوە ژمارەیەك قوتابی لە رووداوێكی هاتوچۆدا بوونە قوربانی.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە رایگەیاند: بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی گیانسپاردن و برینداربوونی ژمارەیەک قوتابی خۆشەویستی پارێزگای بەسڕەمان پێگەیشت لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا.

راشیگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەکان و مامۆستا و هاوڕێیانیان دەکەین بۆ ئەو کارەساتە بە ئازارە.

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش دا: داوا لە خوای گەورە دەکەین قوربانییەکان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و شیفای خێرای بریندارەکانیش بدات و سەبر و ئارامیش بە هەمووان ببەخشێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە پارێزگەی بەسڕە رووداوێكی سەختی هاتوچۆ كەوتەوە كە تێیدا بارهەڵگرێك كۆنتڕۆلی لەدەست دا و بەهۆیەوە كۆمەڵێك قوتابی شێلا كە لەسەر شەقامی بەردەم قوتابخانەكەیان بوون.

لە ئەنجامی رووداوەكە 6 قوتابی گیانیان لەدەست دا و 8ی دیكەش بریندار بوون.

عەباس تەمیمی بەڕێوەبەری تەندروستی بەسڕە لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: رووداوەكە لەبەردەم قوتابخانەیەكی بنەڕەتی روویداوە، لەبەر ئەوە سەرجەم قوربانییەكان تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 12 ساڵاندایە.

هەر بەهۆی كارەساتەكە، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە بڕیاری دا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاكەیان بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی دانپێدانانی سەرەتایی شوفێرەكە بارهەڵگرەكەی ئیستۆپی نەماوە و كۆنتڕۆلی لەدەستداوە و لە ئەنجامیشدا ئەم كارەساتەی ناوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر