هەولێر…کۆبوونەوەى یەکلایکردنەوە و چارەسەرى گرفت و کێشەکانى زەوی و زار ئەنجامدرا

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2024.3.31، به‌سه‌رپه‌رشتی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بەئامادەبوونى عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ئه‌ندامانی دیکەى لێژنه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی‌ زه‌وی و زار، لە دیوانى وەزارەتى شارەوانى، کۆبوونەوەى یەکلایکردنەوە و چارەسەرى گرفت و کێشەکانى زەوی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و ڕاسپاردەکانى بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەى زەویی و زارى موڵکى گشتیى و پۆلێنکردنى زەوییەکانى شارەوانی و کشتوکاڵی و نیشانکردنى حەرەمى گوند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە هەماهەنگى و هاوکارى پترى لیژنەکانى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران کرایەوە بۆ بەوردى بەدواداچوون و دیراسەى پرسەکە و گرتنەبەرى رێ و شوێنى پێویست بۆ ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکانى سەر موڵکى گشتیى و موڵکى میرى.