لقی هەولێری کۆمیسیۆن: تاوەکو 12:00ـی ئەمشەو لیستی کاندیداکان تۆمار دەکەین

بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان پێشکەشی کۆمیسۆن نەکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو 12:00ـی ئەمشەو لیستی کاندیدانی حزب و هاوپەیمانییەتییەکان تۆمار دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکو کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان تۆمارنەکردووە، تەنها کۆمەڵەی دادگەریی کوردستانی، یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی نیشتمانی لیستی کاندیدانیان پێشکەش کۆمیسیۆن کردووە.

لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرهاد ئەسعەد گوتی، “پارتی حزبێکی سەرەکیی عێراقە و بەشدارە لە پرۆسەی سیاسی. بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن دەبێت”.

ئەو بەرپرسەی لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، “تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو لە دوام دەبین بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیداکانی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نەدراوە”.

سەربەست لەزگین: لیستی کاندیدەکانمان پێشکەش ناکەین

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، سەربەست لەزگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، ڕاگەیاند، “هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین”.

سەربەست لەزگین گوتیشی، “داوامان لە کۆمیسیۆن نەکردووە وادەکە درێژ بکاتەوە؛ ئەمڕۆ لیستی کاندیداکانمان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین”.

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی کرد، “دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان و پرسی مووچەی فەرمانبەران؛ بە تەواوەتی دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن و ئامانجیان لاوازکردنی ئەم قەوارە دەستوورییەیە، بۆیە ڕەتیان دەکەینەوە”.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن: پابەندین بە کردنی هەڵبژاردن لە 10ـی حوزەیران

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان درێژ ناکرێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکراوە و پابەندن بۆ کردنی هەڵبژاردنەکە لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 783 هەزار و 552 کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە بەمەش زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کە دەکاتە ڕێژەی %26ـی کۆی ڕێژەی دەنگدەران، کارتی بایۆمەترییان نوێ نەکردووەتەوە.

جومانە غەلای ئەوەشی خستەڕوو،  24 کاتژمێر دوای دەنگدان، ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، دوای 72 کاتژمێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، هەروەها  دوای 7 ڕۆژ ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.

ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024)ـی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.