206 خێزانی دیکەی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو کرانەوە

پێش جەژن سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو دەکرێنەوە، هاوکات ئەمڕۆ 206 خێزانی دیکەش قەرەبوو کرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) نەوزاد بامەڕنی، بەرپرسی لقی یەکی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای دروستبوونی لافاوەکە لە دهۆک، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و لە قۆناغی یەکەمدا 117 ماڵ قەرەبوو کرانەوە و شوقەیان پێدرا.

ئەو بەرپرسەی لقی دهۆکی پارتی ئاماژەی بەوەدا، لە قۆناغی دووەمدا 145 ماڵ لە دەوروبەری دهۆک و 82 ماڵیش لە شارەوانی رۆژئاوای ئەو پارێزگایە قەرەبوو کرانەوە.

نەوزاد بامەڕنی دەڵێت: زەرەر و زیان لە رۆژهەڵاتی دهۆک زۆربوون بۆیە کراون بە سێ زۆن، زۆنی ئاشتی 63 ماڵ، زۆنی سەرهەڵدان 176 ماڵ بوون قەرەبوو کرانەوە. هاوکات ئەمڕۆش زیانلێکەوتووانی زۆنی شۆڕش کە 206 ماڵ بوون قەرەبوو کرانەوە.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) شەپۆلێکی بارانی بەخووڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگاکانی دهۆک و زاخۆ بوو، بەهۆی بارانەوە لە چەند گەڕەکێکی ئەو شارانە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێران داخران.

ھەواڵی زیاتر