مەسرور بارزانی فەرمانیکرد بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانیکرد بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: “سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە فەرمانی كرد كە پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ بكرێت و دوای ئەوەی كە لەسەر فەرمانیان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لە وەزارەت وردەكاریی پرۆژەكەمان دراسەت كرد و دواتر بۆ نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانمان بەرزكردەوە، بە سوپاسەوە لە ڕۆژی 25ی ئاداری 2024، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و پێدانی دەسەڵات پێمان بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەست پێ بكەین و جێبەجێی بكەین”.

سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و كاریگەریی لەسەر ڕێكخستنەوە و پێشخستن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ساسان عەونی، دەڵێت، “ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ئەولەویەتی پرۆژەكانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە لە بواری دروستكردنی ماستەرپلان بۆ شار و شارۆچەكان”.

بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە “دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕووێكەوە و دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆدەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت”.

وەکو ئەوەی ساسان عەونی باسی کرد، “لە پڕۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت”.

دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە، وەکو ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی کرد، “كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی رێگەی هەڵەبجە – تووەقوت – قلیجە و پردی تووەقوتی دانا و دواتریش چەندین دیداری لەو شارە ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە “خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین”.

ھەواڵی زیاتر