مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین و دەچنە خانەی بڕیاری سیاسییەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری لە قەڵەم دەدەن و ڕایدەگەیەنن؛ بڕیارەکانی دادگای فیدارالی عێراق کە لەم دواییەدا لە دژی هەرێمی کوردستان وەرگیران بڕیاری نادەستووری و نایاسایین و دەچنە خانەی بڕیاری سیاسییەوە، بە تایبەت لە بڕیاری ئەم دواییەیاندا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دەقی بەیاننامەکە؛

ماوەیەکە حكوومەتی عێراق لە ڕێگەی دادگای فیدرالی عێراق هەوڵی سنوورداکردن و بەرتەسکردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، بڕیارەکانی دادگای فیدارالی عێراق کە لەم دواییەدا لە دژی هەرێمی کوردستان وەرگیران بڕیاری نادەستوری و نایاسایین و دەچنە خانەی بڕیاری سیاسییەوە، بە تایبەت لە بڕیاری ئەم دواییەیاندا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە تایبەتمەندی خۆیان لایانداوە و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەش دەچێتە خانەی هەموارکردن و کاری دەسەڵاتی یاسادانانە نەک دادگای فیدراڵی عێراق، تەواوی ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردوویانە، نادەستووری و نایاسایین، وەک (یەک بازنەیی کراوەتە چوار بازنەیی، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە ١١١ کورسی کەمکراوەتە بۆ ١٠٠ کورسی، کۆتای پێکهاتەکان لابراوە لە کاتێکدا لە پەرلەمانی عێراق کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەیە و .. ) ئەم گۆڕانکارییانە هەمووی دەچنە خانەی هەموارکردن، ئەوەش کاری پەرلەمانە نەک دادگای فیدراڵی عێراق، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق کاریگەری نێگەتیفی دەبێت بۆ سەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و، سەرەتا و هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی یاساکانی کوردستان.
بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق دژایەتیکردنێکی ئاشکرای هەرێمی کوردستانە و، کێشەکانی کوردستانی قوڵترکردۆتەوە و بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و گیانی پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراقدا، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستاش دەستبەرداری عەقڵییەتی خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی کورد نەبوون، لەهەمان کاتدا حکوومەتی عێراق لەژێر کاریگەری بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بەردەوامە لە سەر بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان.
لە ڕەوشێکی وادا پێویستە لایەنە سیاسییەکانی كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببینەوە و هاوكاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین بۆ ئەوەی هەموو لایەکمان لە خەمی خەڵکدا بین و کاربکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی جەماوەر و، رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، بێگومان ئەوەش ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەکمانە.