دادگای فیدڕالی عێراق .. گفتوگۆ و هەڵوێست

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پانزه‌هه‌مین بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” دادگای فیدڕاڵی عێراق .. گفتوگۆ و هەڵوێست”، بەڕێوەچوو.

لەم گفتوگۆیەدا كە هه‌ریه‌ك له‌ ” د.سالار عوسمان، د. ڤالا فەرید، د.محەمەد عومەر مەولود، د. گەیلان تاڵەبانی, د. شوكری محەمەد، هەلات مزوری، د.شاهۆ غەفور، هەورەها بەرێگەی سكایپ هه‌ریه‌ك له‌ ( مشعان جبوری، د. خالید ساڵح، لەیس ئەلبیاتی، د.ئەڤین بامەڕنی)به‌شداربوون و ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، مەحفوز مایی، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد-” ئامادەبوون و، پاش نمایشكردنی ڕاپۆرتی مەیدانی و ڕاپرسی بازنەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان به‌ سكرین, بە چڕی و ڕاشكاوی گفتوگۆ لەسەر پێشێلكردنە دەستووری و یاساییەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق كرا و ، ئاماژە بەوە كرا ئەم دادگا فیدراڵیەی ئێستای عێراق, دادگایەكە پێش پەسەندكردنی دەستووری ساڵی 2005 دامەزراوە و، دادگایەكی دەستووری نییە و ماوەی نزیكەی دوو دەیەیە ڕێگەیان نەداوە,كە دادگایەكی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت.

سەبارەت بەو بڕیارانەشی كە دژی هەرێمی كوردستان دەریكردوون، وەك ” ڕەتكردنەوەی یاسای نەوت و گاز، په‌كخستنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دەستێوەردانی لەیاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و ڕەتكردنەوەی كۆتای پێكهاتەكان ..هتد”, ئەو پسپۆڕە یاسایی و دەستووریانەی لەم گفتوگۆیە جەختیان لەسەر كردەوە. هەموو ئەو بڕیارانە پاڵنەری سیاسیی لە پشتە و ئامانج لێی بچووكردنەوە و, تێكدانی ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاسایش و سەقامگیری هه‌رێمی كوردستانه‌ و, ویستیانه‌ سەرەنجام قەوارەیەك بە ناوی هەرێمی كوردستان نەمێنێت.
جێگەی ئاماژە پێكردنە، پوختەی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 1ی نیسانی داهاتوو لە سەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.