شاندێکی پڕۆژەی “هەژماری من” سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی کۆ دەبێتەوە.
لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە، 24-03-2024، شاندێکی پڕۆژەی “هەژماری من”ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 25-03-2024، لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی کۆببێتەوە.
مەبەست لە چوونی شاندەکە بۆ بەغدا “بۆ تاوتوێکردن و خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەی “هەژماری من”ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ حکوومەت و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق. هاوکات باس لە پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتیی مامەڵەی پڕۆژەی “هەژماری من”ـی بۆ کراوە و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی “هەژماری من” و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە کراوە. ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی “هەژماری من” تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.
ڕۆژی شەممە، 23-03-2024، ئاوات جهناب نووری، وهزیری دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له دیدارێكی میدیاییدا، ڕایگەیاند، “هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستەمەی ئێمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی ئێمە تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاری، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆرانی تێدا نییە”.
وهزیری دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “پڕۆژەی هەژماری من بە ڕەزامەندی محەممەد شییاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروست کراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش لە پڕۆژەکەدا بەشدار دەبن”. گوتیشی “لە ڕێگەی هەژماری من، مووچەخۆر دەتوانێت لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان سوودمەند بێت و کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە ڕێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت”.