پارێزگاری هەولێر بڕیارى لێخۆشبوون لە کرێى ساڵانە و ڕسوماتى خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى لەنگە کە بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ماوەی شەش مانگ پەسند کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-03-2024، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی 2024.2.27، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە (166) دووکانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشت، لە دانیشتنى ژمارەى 10ى ئەنجوومەنى شارەوانى هەولێر لە 2024.3.6، سەبارەت بە هاریکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتووانى بازاڕەکە بڕیاردرا بەلێخۆشبوون لە کرێى ساڵانە و ڕسووماتى خۆڵ و خاشاک بۆ ماوەی شەش مانگ، بۆ هەموو ئەو دوکانانەى بازاڕەکە کە گرێبەستیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانىی هەولێر هەیە و بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 2024.3.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بڕیارەکەى پەسەند کرد و لەمڕۆوە بڕیارەکە لەلایەن بەشى ژمێریارى و داهات و گرێبەستەکان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.