لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەگەری کشانەوەی پارتین لە بەغدا

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەگەری کشانەوەی پارتی لە بەغدا بە بڕیارێکی باش نازانن و ئاماژە بەوە دەدەن: لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ئێستای عێراق نییە هیچ لایەنێکی پێکهێنەری ئیدارەی دەوڵەت لە حکوومەت بکشێتەوە. ئەندامێکی رەوتی حیکمەش دەڵێت: ئەگەر دەستوور نەکرێتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان، ئەوا ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا قووڵتر دەبنەوە.

بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان، گرفتی بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق دروست کردووە. بڕیارەکانی ئەو دادگایە پارتی دیموکراتی کوردستانی تەواو نیگەران کردووە؛ بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی ئەو حزبە سەردانی بەغدا بکات و قسەی کۆتایی لە لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت وەربگرێت و پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوە یاخود کشانەوە لە حکوومەت بدەن.

ئەندامێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور کێشەکان چارە دەبن ئەگەر نا، ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا قووڵتر دەبنەوە.

رەحیم عەبودی،  ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانی گوتی:” ئێمە لەسەر ڕێڕەوە راستەکەین بۆ چارەی هەموو کێشەکان بەپێی بنەمای دەستوور و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییەکان، یەکێک لەو کێشانە یاسای نەوت و گازە کە دەتوانێت چارەی کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات “.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، ئەگەری کشانەوەی پارتی لە بەغدا بە هەنگاوێکی باش نازانن، ئەوان چاویان لەوەیە لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێن و کۆتایی بەم ناکۆکییانە بهێندرێت.

محەممەد بەلداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاند: “چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سەقامگیریی سیاسی بەردەوام بێت، ماوەی ساڵ و نیوێکە حکوومەت پێک هێنراوە و ئێستا سەقامیگریی سیاسیی هەیە، بۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی کار بۆ بەردەوامی یەکگرتوویی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەکات، تاوەکو حکوومەت بتوانێ لە کارکردن بەردەوام بێت”.

دوای زیاتر لە ساڵێک و  نیو لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عیراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی’ تا ئێستا نەتوانراوە کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان چارە بکرێن و بەغدا هەر مانگە و بیانوویەکی نوێ بە هەرێمی کوردستان دەگرێت.