ئەمڕۆ شەممە (16ـی ئاداری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت، مووچەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بڕدراوە، بەڕاستی نازانم ئەمە چ عەقڵییەتێکە کە بیەوێت مووچەی شەهیدان ببڕێت”.
هەورامانی ئاماژەی بەوەدا، هێشتا لەنێو عێراقدا هەندێک عەقڵییەتی شۆڤێنی هەیە ئەگەر هەمان ئەو هێزەی رابردووی هەبێت لەبری مووچەبڕین کیمیابارن دووبارە دەکەنەوە، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چاویان لەوەبوو کە چۆن کورد بچەوسێننەوە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، “هەندێک کەس و لایەن لەنێو هەرێمی کوردستان هەن کە هیچ باکیان بەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم نییە، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن ئەو حکومەتە شکستی هێنا و نەیتوانی مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات، ئەو کەسانە هەمیشە ئامادەن حکومەتی فیدراڵ فێری مووچەبڕین بکەن”.
هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی هەرێم هەتا هێزی تێدایە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ستەم لە هیچ لایكیش قبوڵ ناکات، هەروەها نەرمی نواندن بۆ رێککەوتن بە مانای تەسلیمبوون نایەت، بە مانەی ئەوەیە کە میلەتێکین دەمانەوێت بەبێ کێشە بژین رێز لە هەموو لایەک دەگرین، دەبێت هەموو لایەکیش لە بەرانبەردا رێزمان لێبگرن”.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد یەک ریز و یەک دەنگبێت و، بەرانبەر ئەو ستەمانە بوەستێتەوە کە لێی دەکرێت. ناوبراو گوتیشی: “پێویستە هەندێک چاوساغی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەهۆش خۆیان بێنەوە