سامان به‌رزنجی: ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی گرنگترین بابه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا

وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی گرنگترین بابه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا. ده‌شڵێت، جه‌ختیان له‌سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 9ـی ئاداری 2024) سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی گرنگترین بابه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌وپێیه‌ی بودجه‌ی حاكیمه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانی تێدایه‌.

وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌خوازن ئه‌و به‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ رێژه‌ی 100% دابین بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ بۆشایی تێدا دروست ده‌بێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ به‌ بڕی نزیكه‌ی 120 ملیار دینار قه‌ره‌بووی دروستبوونی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌موو به‌شه‌كانی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ و دڵ و ئه‌وانی دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

سامان به‌رزنجی روونیشیكرده‌وه‌، جه‌ختیان له‌سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تا ئێستا له‌ به‌شی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی حاكیمه‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین ناكرێت.

رۆژی (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئاداری 2024) سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 120 ملیار دیناری بۆ ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بۆ فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كان دابین كردووه‌.”

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌رتی ته‌ندروستی به‌رده‌وام پێویستی به‌ په‌ره‌پێدان و پاڵپشتی ته‌ندروستی هه‌یه‌.

سامان به‌رزنجی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی، له ‌عێراقدا له ‌بودجه‌ی حاكیمه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ته‌ندروستی هه‌یه‌ و ساڵی پار به‌راورد به‌ ساڵانی پێشووتر، ساڵ به‌ساڵ رێژه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ده‌رمان و پێداویستییه‌ ته‌ندروستی پزیشكی زیادیكردووه‌ و له‌ساڵی 2023 نزیكه‌ی 194 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه‌.