به‌ردی بناغه‌ی ئاوی كانیه‌ ڕه‌ش دانرا

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ ملیارێك دینار، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاره‌دێیی كانیه‌ ڕه‌ش له‌ سنووری قه‌زای سیده‌كان داندرا.

پێنجی ئاداری ٢٠٢٤، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێر چاودێری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاره‌دێیی كانیه‌ ڕه‌ش داندرا و هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، په‌یامی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت ناوچه‌كان و گونده‌كان گرنگیان پێبدرێت و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان پێبگات و گوتی “ئێمه‌ ڕشتانه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ سنووره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌زوویی و به‌ كوالێتی به‌رزه‌وه‌ ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌”.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ شارۆچكه‌ بوونی سیده‌كان، بڕیاری شاره‌دێیی كانیە‌ ڕه‌ش ده‌رچووه‌ و پڕۆژه‌ی ئاوی كانیه‌ ڕه‌ش، دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌یه‌ بۆ دانیشتوانی سنووری كانییه‌ ڕه‌ش و له‌و پڕۆژه‌یه‌دا سود له‌ ئاوی سه‌رزه‌وی وه‌رگیراوه‌.
پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی ئاوی خوردنه‌وه‌ی شاره‌دێیی كانیه ‌ڕه‌ش له‌ سنووری قه‌زای سیده‌كان، به‌ گوژمه‌ی یه‌ك ملیار و سێزده‌ ملیۆن و دوو سه‌د و سی و هه‌شت هه‌زار و پێنج سه‌د دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گرفتی كه‌م ئاوی له‌ سنووره‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.
سه‌رباری نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ پێی ئاماری به‌رده‌ست، له‌ ٢٠١٩ه‌ وه‌ تا ٢٠٢٢، هه‌شت سه‌د و سی و شه‌ش پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراوه‌، له‌ كه‌رته‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، ڕێگه‌وبان و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ و كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و كه‌رتی كشتوكاڵ و بنیاتنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی و پڕۆژه‌كانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دارایی بانك و هتد…، جێبه‌جێكردووه‌.