سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کردووە لەم مانگەدا ڕۆژێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکەن. لایەنە سیاسییەکانیش ھۆکاری دووجار دواخستنی ھەڵبژاردن دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سکاڵایەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە لە دادگای فیدراڵی کرابوو.

دووجار دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جگە لە ئاستی ناوخۆ لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی نیگەرانییە، دوای بڕیارە نادەستوورییەکەی دادگەی فیدراڵی داوا دەکرێت کە وادەی سێیەمی ھەڵبژاردن دیاری کرا، ئێدی ئەو وادەیە دوانەخرێت.
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە، ئامانج لە دواخستنی بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تەنھا نەکردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ترسییان لە ھەڵبژاردنەکە ھەیە.
سێ شەممەی ڕابردوو کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێم ئەو پێشنیازەیان کردووە، بۆ کردنی ھەڵبژاردن، چاوەڕێی وەڵامن، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش بۆ دیاری کردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان قسە دەکات و وەڵامی کۆمیسیۆن دەداتەوە.
ھۆکاری سیاسی و سکاڵاکەی دادگای فیدراڵی دووجار وادەی ھەڵبژاردنی دواخست، بۆ وادەی سێیەمیش لایەنەکان چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەکەن. کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: ئەو لایەنانە ھۆکار بوون کە سکاڵایان لە دادگەی ئیتحادی تۆمار کرد، دەبوایە ئەو کێشانە لەناو پەرلەمان چارە کرابان، نەک لە دادگە، چونکە زۆر بابەتی دیکە ھەبوون لەوە بە زەحمەتتر بوو چارە کراون، ئەمەش دەتوانرا زۆر بە ئاسانی چارە بکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: ژمارەی کورسییەکانی ھەر پارێزگایەک لە کۆی سەد کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە دەبێت، پارێزگای ھەولێر سی و چوار کورسی، پارێزگای سلێمانی سی و ھەشت کورسی، پارێزگاری دھۆک بیست و پێنج کورسی، پارێزگا ھەڵەبجە سێ کورسی.
لەلایەکی دیکەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکردووە بە دابەشکردنی کارتی دەنگدەران و پرۆسەی دابەشکردنەوەی کارتەکانی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.
ھەروەھا لەبارەی پرۆسەی نوێکردنەوە و تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتری، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان عێراق، ئاماژەی بەوە دا: لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
غەلای، ئەوەشی خستەڕوو: بەگوێرەی دوا ئامارەکانی بەردەست کۆی دەنگدەرانی تۆمارکراو دوو ملیۆن و سێ سەد ھەزار و چل و دوو دەنگدەرن، لە کۆی سێ ملیۆن و حەوت سەد و سی و نۆ دەنگدەر مافی بەشداریکردنی ھەڵبژاردن و دەنگدانیان ھەیە.

ھەواڵی زیاتر