پەکەکە زیاتر لە 200 گوندی ئیدارەی سۆرانی داگیر کردووە

بوونی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی سۆران، بووەتە ھۆی ئەوەی زیاتر لە دوو سەد گوندی سنوورەکە ئاوەدان نەکرێنەوە. قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش، دەڵێت: ئەگەر پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکرد، وەکو ئەو گوندانەی ئێستە ئاوەدانن بەوەش ھەلی کار زیاتر دەبوو.

دەیان ساڵە پەکەکە کێشەی بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە و بەردەوامە لە داگیرکاریی گوندەکانەکانی هەرێمی کوردستان. ڕۆژانەش بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج، بەو ھۆیەشەوە بە دەیان ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان شەھید و بریندار بوونە و بە سەدان گوندیش چۆڵکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە و داوا دەکەن پەکەکە و تورکیا ئەو شەڕەی لە گوندەکانی ئەوان دەکەن لەسەر خاکی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان و دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
بەھۆی جموجۆڵەکانی پەکەکە و نزیکبوونەوەیان لە گوندەکانی ناوچە سنووریەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان ناوچەکانیان جێدەھێڵن و گوندەکانیان چۆڵدەکەن و ئاوارەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی دیکە دەبن کە دوورن لە پەکەکەوە.
حەسەن مستەفا، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سۆرانە، دەڵێت: ھەبوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ئێمە ژیان و گوزەرانی ئێمەی بە تەواوەتی تێکداوە، لەبەر پەکەکە ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە گوندەکانی خۆمان چۆڵکردووە و ڕوومان لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر لە گوندەکانی خۆمان باینە پەڕەمان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەدا، بەڵام ئێستە لێرە زۆربەی کات بێ کارین، بۆیە داوا دەکەین بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە گوندەکانی ئێمە ببەنە دەرەوە، تورکیاش چی دیکە ناوچەکانی ئێمە بۆردوومان نەکات، بۆ ئەوەی گوندەکانی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە سنوورەکە ھەن و بەردەوام سەر ئێشە بوونە بۆ حکوومەت، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر شەست و پێنج گوند لەبەر پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، پێشتر ھەوڵێکی زۆردرا و ئەو گوندانە ئاوەدان بوونەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا دووبارە چۆڵکرانەوە و ھەتا ئێستە ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵکی ئێمە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە، ھەتا زۆرجار ھەبووە خەڵکی ئێمە چووەتە ئەو ناوچانە و شەھید بوونە و زیانێکی زۆری ماددیان بەرکەوتووە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان ببنەوە خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان و ھەلی کاریش زیاتر بۆ ئەو خەڵکە دەرەخسێت، بەوەش داھاتیان باشتر دەبێت، ئێمەش وەکو حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکەین، بۆ گوند و ئاوایەکانی دیکە چی کراوە بۆ ئەوانیش ئەوە دەکەین، بەوەش خەڵکەکە دەگەڕێتەوە و کۆچی پێچەوانە دەست پێ دەکات و خەڵک لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان دەگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر