دیندار زێباری: نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، خۆشحاڵه‌ په‌نجه‌ بخاته‌ سەر ئەوکارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کردوویەتی.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 19ـی شوباتی 2024) دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 12ـی خولی 75ـه‌مینی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ مافه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان له‌ جنێف رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 24 یاسای دیاریكردووه‌ و ده‌ركردووه‌ كه‌ هاوپێچ بن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ په‌یمانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریدا هاتووه‌.

دەشڵێت: بۆ پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، لیستی مافی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ساڵی (2003) و یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە (5)ی ساڵی 2015 دەرچوو.

رێکخەری راسپاردەکان باسی لەوەشکرد، بەمەبەستی بەدیهێنانی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتمانی دژە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 -2025 پەسەندکرا، هەروەها لە ساڵی (2023)دا، ژمارەی داواکارییەکانی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێم گەیشتە (393) کەیس، هەروەها (248) کەیس رەوانەی دادگای لێهاتوو کراوە، جگە لەوەی (103) کەیس یەکلایی کراونەتەوە، هەروەها (42) کەیسی دیکەش بەهۆی کەمی بەڵگەی پێویستەوە گەڕێنرانەوە بۆ کۆمیسیۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا نزیکەی 966 هەزار و 992 کەسی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، کە حکومەتی هەرێم (80%)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکات.

حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی بۆ رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان داوە، کە تا ئەمڕۆ سێ هەزار و 567 کەسیان ئازاد کراون و دوو هەزار و 640 کەسیش هێشتا ئازاد نەکراون.

جەختیشی کردەوە، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە (8)ی ساڵی 2011 مافەکانی ئافرەتان لە هەموو روویەکەوە گەرەنتی دەکات، هەروەها پێنج شوێنی داڵدەدان بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە هەرێم کراوەتەوە.

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سیاسەتی پاراستنی مافی منداڵانی بۆ ساڵی (2023) پەسەند کرد، لە بواری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی یاسای کار، رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە بۆ پەسەندکردنی.

دەشڵێت: بە رێنمایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، کار بۆ دامەزراندنی (20,000) یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن داهاتی سنووردارن.

لە بواری پەروەردەشدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای پەروەردەی ژمارە (13)ی ساڵی 2022ی دەرکرد، سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەوبارەشەوە زیاتر لە 20 هەزار قوتابی گەڕێندرانەوە بۆ قوتابخانە.

هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر پاراستن و نۆژەنکردنەوەی کەلوپەلی کۆن، بەو پێیەی 41 پڕۆژەی شوێنەواری جێبەجێکرد بۆ پاراستن و پەرەپێدانیان، هەروەها سێ هەزار و 200 شوێنی شوێنەواری تۆمارکراون، وە لە ساڵی 2023دا 69 شوێنی شوێنەواری نۆژەنکراونەتەوە و هەڵکەندراون، هەروەها پلان هەیە بۆ جێبەجێکردنی 13 پڕۆژەی دیکە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکانی ئێزیدییەکان، جگە لە کارکردن لەسەر نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی لالش .

ھەواڵی زیاتر