هۆکارەکانی ئاڵودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکو مێژوویەکی نوێی هەیە، وە بێگومان بە هاتنی ئەم جۆرە یارییانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵ بەجۆرێکی بەرچاو درووست کردووە، هەندێجار دەکرێت بڵێین، ئەم یاریانە بۆمەبەستی فێربوونی زمان و فێربوونی ژمارە و جیاوازییەکان بەکاردێت. ئەوەی زۆر گرنگ بێت لێرەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەکاربەرە ئەلیکترۆنییەکان، بەجۆرێک ئالودەی کردوون، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی منداڵ و گەنجان و هەندێ جار گەورەکان کاریگەری نەرێنیان بەشێوەیەکی بەرچاو درووستکردووە. جۆن دیوی دەڵێت: ئامانج لەپەروەردە کەڵەکە و پێدانی زۆری کەرەستە و زانیاری نییە، بەڵکو ئامانج لە پەروەردەی درووست لە گرنگیدان و شکۆفەداندا دەردەکەوێت.

ئامانج عەلی توێژەری دەروونی دەربارەی هۆکارەکانی ئالودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەڵێ: ئالوودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان چەندین هۆکاری هەیە وەکو، نەبوونی هۆشیاری درووستی دایک و باوک. خراپی باری ئابووری و نەبوونی هەلی کار. لاوازی پەیوەندی دایک وباوک بوونی کێشە و کێشمەکێشی دایک و باوک. لاوازی و بۆشایی سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک و باوک. ئاسانی و سادەیی و زۆری ئەو ئامێرانەی کەئەم جۆرە یارییانەی پێ ئەنجام دەدرێت، وەک(مۆبایل و تابلێت وئایپاد و لاپتۆپ و کۆمپیوتەر. بوونی چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم و کەس و کاری. نەمان و سوک تەماشاکردنی یارییە کلاسیکەکانی وەک هەڵماقۆ و پەت پەتێن و تۆپ قاڕێن و چاو شارکێ. پێشەنگ بوونی دایک و باوک لە بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن خودی دایک و باوکانەوە، بووەتە هۆکاری لاسای کردنەوەی منداڵان. بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، دایک و باوک وەک چەکێک بۆ کپکردنەوە و لە جووڵەخستنی منداڵ، ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچاربکەن ئامێر و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربهنێنن.
ئەو توێژەرە باسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکات و دەڵێ: گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. تووڕەیی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان توندوتیژی تێدایە بۆیە ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەر لەڕێگەی پرۆسەی کارلێک و کارتێکردنی لەڕووەکانی کوشتن و ئازار و دەنگی بەرزوناسروشتی و جوێن و وێرانی. تێکەڵ بوونی دوونیایی واقع بە دوونیای فەنتازی وخەیاڵ. پەک خستن وتەمبەڵ کردنی پروسەی خوێندن، چونکە منداڵ هێندە چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێت نیو هێندە حەزی بۆدەرس و کۆشش کردن نابێت. نەخەوتن، کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی دۆپامین دەبێت کە دۆپامین لە سێ بەشی یەکەمی شەو دەڕژێت، کاریگەر دەبێت بۆگەشەی مێشک و جەستە. قەڵەوی بەهۆی نەمان ولاوازی جوڵە و مانەوە لەماڵدا منداڵ گرفتی کێش زیادی بۆدرووست دەبێت. تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگ خەوتنەوە منداڵ درەنگ دەخەوێت، بۆیەک وەک قەرەبویەک بۆماوەی ئەو خەوە، درەنگ بێدار دەبێت، بەو هۆیە ژەمی خواردنی بەیانی کەژمێکی سەرەکییە لەدەست دەچێت. زیانی جەستەی لاوازی چاو و ئازاری مل و خێرایی لێدانەکانی دڵ. خەمۆکی بەهۆی زۆر مانەوە و زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە خەم و پەژارەیی و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و دڵ تەنگی ڕوودەکاتە منداڵ یان گەنجی بەکاربەر.
نەمانی تەرکیز بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە منداڵ ئاگایی لەچواردەوری خۆی نامێنێت. گەشەی مێشک لاوازدەکات لەبەرئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێت بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوارتەمەنی 2 ساڵ نابێت بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن .
ئەو توێژەرە باس لە چارەسەرییەکان دەکات و دەڵێ: چارەسەرییەکان وەکو، سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ئای پی ماڵ یان مۆبایل. چاودێری کردن و تابزانرێت منداڵ بەچ یارییەکەوە سەرقاڵە. نەدانی هەل و چێژی ئەو یارییانە، سەرقاڵکردنیان بەشتی بەسودی دیکە. پرسیاری لێ بکە لەناوەڕۆکی یارییەکە. هەوڵ بدرێت یاری دەستی پێچەوانەی شاشەکان بکڕدرێت بۆیان. هاندان و پاداشت لەبەرامبەر کردنی یاری تر، تا یارییە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوێتەوە. بەشداری پێ کردن بە کاری تر کە گونجاوبێت لەگەڵ تەمەنی و گەشتکردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارک و جێگا وەرزشییەکان. بۆمنداڵ ڕوون بکرێتەوە کە ئینتەرنێت تەنیا بۆ یاری کردن نییە، بەڵکو بۆگواستنەوەی زانیاری و ئاسانکردنی پەیوەندییەکانە. فێربکرێت یاری دەبێت لەگەڵ منداڵ بگونجێت نەک مۆدە. منداڵ نابێت حەزی لەهەرچی بوو ئێمەی دایک و باوک بۆیان جێبەجێ بکەین، بەڵکو فەلسەفەی ژیانی خێزان لە پەروەردەیە نەک تەنیا بەخێوکردن. پتەوکردنی و بەهێزی خۆشەویستی دایک و باوک. ببە بە هاوڕێی منداڵەکەت، گرنگی و هاوبەشیان پێ بکەن، تا بۆشایی سۆزداریان بۆ درووست نەبێت لەو ڕێگایەوە وەک جیگرەوەیەک یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەڵبژێرێت. هانبدرێن لەگەڵ منداڵانی تر تێکەڵ بکرێن، تا بۆشایی حەز بۆ ئەو جۆرە یاریانە درووست نەبێت

ھەواڵی زیاتر