زەهاوی: مەسرور بارزانی گرنگترین گوتاری لە بەردەم سەرکردەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەشکرد

نەدیم زەهاوی لەبارەی گرنگی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان دەڵێت، “گوتارەکەی هێندە گرنگ بوو سەرکردەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر بە وردی گوێیان بۆی گرتبوو”.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13-02-2024، نەدیم زەهاوی، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و وەزیری پێشووی دارایی ئەو وڵاتە لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، راگەیاند،  “پێموایە سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی دوێنی گوتارێکی زۆر گرنگی لە هۆڵی سەرەکی پێشکەشکرد، بۆچی؟ چونکە ئەو باسی ئەوەی کرد، چۆن دەتوانین پێکەوە کار بۆ خۆشگوزەرانی ناوچەکە بکەین، لە هەولێر و دوبەی یان ئەبوزەبی”.

ئەو ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا گوتی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی ئەجێندای خۆشگوزەرانی کرد، “خۆشگوزەرانی ئابووری لە بوونی ئاسایشەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو ناوچەیەی خۆت بەڕێوەدەبەیت. هەروەها سەرۆکوەزیران باسی گۆرانی کەشوهەوای کرد، سێ پرسی زۆر گرنگ هەن، ئەوانیش سەقامگیری، دادپەروەری لە سیاسەتی عێراق، ئایا کورد دەبنە هاوبەشێکی یەکسان لە سیستمی فیدراڵی؟”.

بە گوتەی وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا بۆ کوردستان24، “ئەگەر ئەم پرسانە و خۆشگوزەرانی ئابووری چارەسەر نەکرێن، کێشە و ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا هەموومان لەناودەبات، پێموایە ئەوە گرنگترین گوتار بوو لە بەردەم سەرکردەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەشی کرد و بە وردی گوێیان بۆیگرت”.   

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دووبەی دوێنێ دووشەممە، 12-02-2024، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، 14-02-2024 بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 

و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.