بەبۆنەی به‌ده‌ست هێنانی جامی ئاسیا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە میر و گه‌لی قەتەڕ دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامێكدا بە بۆنەی  به‌ده‌ست هێنانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، پیرۆزبایی لە میرو گەلی قەتەر دەکات.
 
 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌  تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر و گەلی قەتەری کردووه‌ و دەڵێت: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خاوەن شکۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی و گەلی قەتەری برا دەکەم، بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا 2023، لەلایەن هەڵبژاردەی قه‌ته‌ڕه‌وه‌ بۆ جاری دووەم له‌ مێژوویدا.
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، ستایشی ئەو رێکخستن و ئامادەکارییە نایاب و جیاوازە دەکەم کە قەتەڕ بۆ سەرخستنی ئەم پاڵەوانێتییە ئه‌نجامی داوه‌.

ده‌شڵێت، هیوای پێشکەوتن و گەشانەوەی بەردەوام بۆ قەتەر و گەلەکەی دەخوازم. 

نێچیرڤان بارزانی هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌ییدا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئوردنیش ده‌كات و رایگه‌یاندووه‌ پیرۆزه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئوردنیش كه‌ پله‌ی دووه‌م و ئاستێكی نایابی پێشكه‌ش كرد له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا.
 
له‌ یاری كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا 2023دا، هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ به‌ سێ گۆل به‌رامبه‌ر به‌ گۆلێك سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ئوردن تۆماركرد و بۆ جاری دووه‌م له‌ مێژوویدا نازناوه‌كه‌ی به‌ ده‌ست هێنا.