ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لە سەر چەواشەکاریی هەندێک ماڵپەڕ و پەیجی ناوخۆی سۆشیال میدیا بڵاودەکاتەوە کە هەوڵیانداوە، بۆچوون و لێدوانەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەل کەناڵی (NBC) بە لاڕێدا ببەن، لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە؛ “هەندێک ماڵپەر و پەیجی ناوخۆی سۆشیال میدیا، بە بڵاوکردنەوەی هەندێک لێدوان و لێکدانەوەی نەگونجاو و دوور لە ڕاستییەکانی کایەی سیاسی و ئەمنیی دەڤەرەکە، هەوڵیان داوە بۆچوون و لێدوانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەل کەناڵی (NBC) بە لاڕێدا ببەن”.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سەر هەرێمی کوردستان.
هەر لە ڕوونکردەوەکەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستووەتەڕوو “خۆدزینەوە و خۆگێلکردن بەرامبەر بە ناحەزان، هیچ لە مەترسی و هەڕەشەکان کەم ناکاتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن بەرامبەر بە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر