دادگەی فیدراڵی عێراق کورد و سوننە بە ئامانج دەگرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تادێت ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق زیاتر دەبن، بەتایبەت زۆرینەی سوننەکان و لایەنە کوردستانییەکان پێیانوایە بەشێک لە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە لەژێر ھەژموونی وڵاتێکی دراوسێیە کار بۆ ئەجندای ئەو وڵاتە دەکەن بەتایبەت ئەو کەیسانەی پەیوەستن بە پرسی نەتەوەیی، مەزھەبی، پشک و شایستەکانەوە. پەرلەمانتارانیش، دەڵێن: شیعەکان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلای دەکەنەوە.
بەگوێرەی ماددەی ٩١ دەستووری عێراق دەبێت تەواوی ئەندامانی دادگەی فیدراڵی و بڕیارەکانی سەربەخۆ و بێ لایەن بن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بووەتە جێی سەرسوڕمانی بەشێکی زۆر لە سیاسییەکانی کورد و سوننە و بە ئاشکرا دەڵێن، متمانەمان پێ نەماوە، چونکە لەژێر ھەژموونی دەرەکی بڕیار لەسەر سکاڵاکان دەدات.
کورد و سوننەکان، پێیانوایە ھەر پرسێکی چارەنووساز نەتەوەیی و مەزھەبی پەیوەست بە پشک و پاراستنی مافەکان بێت و لایەنەکانی نزیک وڵاتێکی دراوسێ ڕەوانەی دادگە بکەن ئەوە لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەوەش دادگە سەربەخۆی خۆی لە دەستداوە.
بەرپرسانی حیزب و لایەنەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن: دادگەی فیدراڵی بە سیاسی کراوە و پێویستە دۆخەکە ڕاستەڕێ بکرێتەوە و ڕێگری لە زێدەڕۆییەکانی دادگە بە سیاسی کراوەکە بگیرێت، لەبەر ئەوەی ھیچ سوڵتانێک دەستەڵاتی بەسەر دادگەوە نییە تەنھا یاسا نەبێت.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بەردەوام کورد و سوننە دەکرێنە ئامانج، ھیوادارین دادگە ورتر بڕیار لەسەر کەیسەکان بدات، چونکە بڕیارەکانی دادگە ھەندە نیگەرانی لای کورد و سوننە دروست کردووە کە زۆرجار بە ئاشکرا دەڵێن، دادگە کار بۆ سەپاندنی ھەژموونی وڵاتێکی دراوسێ دەکات.

ھەواڵی زیاتر