لە کوێستانی پڕژەی باڵەکایەتی دوو گەشتیار و شوفێرێک گیانیان لەدەستدا

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە کوێستانی پڕژەی دەڤەری باڵەکایەتی دوو گەشتیار و شوفێرێک گیانیان لەدەستدا و سێ گەشتیاری دیکەش بریندارن.

بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک گەشتیار لەگەڵ شوفێرێکی خەڵکی چۆمان بۆ گەشت چوونەتە کوێستانی پڕژەی باڵەکایەتی، لەوێ ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێت، لە ئەنجامدا دوو گەشتیاری بە رەگەز عەرەب و شوفێرەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ گەشتیاریش بریندارن.

محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان، ڕایگەیاند ئێستا تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی تەرمی مردووەکان و بریندارەکان بگوزانەوە نەخۆشخانە”.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو شوفێرەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەرکەوت فەریدە و خەڵکی گوندی دەربەندی سەر بە قەزای چۆمانە، دوو گەشتیارەکەی دیکەش کە مردوون ئافرەتن.

هەروەها د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان راگەیاند، دوو لە بریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە.

روونیکردەوە، گەشتیارەکان خەڵکی شاری بەغدان، بە مەبەستی گەشت سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

رووداوەکە بەهۆی سەختی رێگاکە و خلیسکان بووە لەسەر بەفر، چونکە پلەی گەرما لەوێ شەوانە لەژێر سفرە و لە زۆربەی شوێن دەیبەستێت.

کوێستانی پڕژە لە دەڤەری باڵەکایەتی، یەکێکە لەو کوێستانانەی چوار وەرزی ساڵ بەفری لێدەمێنیت و ناتوێتەوە، کەشێکی ساردی ھەیە،  بۆیە گەشتیاران لە هەرچوار وەرزی ساڵ رووی تێدەکەن.

ھەواڵی زیاتر