سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 11/20، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافەکانی داوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات . گوتیشی هەرێمی کوردستان، هەمیشە شوێنێکی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی کردنتان.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا هەروەها جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆکەوانیی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و لەندەن کرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردەوە لە پێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.

ھەواڵی زیاتر