كونسوڵی نوێی وڵاتێكی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو

بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی تازەی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەم یان برایم سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی کرد و لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێشوازی لێ کرا.

سەفین دزەیی وێڕای پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتی تازەی فەڕەنسا، پشتیوانی حکوومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو لەپێناو سەرخستنی ئەرک و کارەکانی لە هەرێمی کوردستان.

باس لە پەیوەندی دێرین و پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا کرا و هەردوولا خواستی هاوبەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندییە دوولایەنەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکە جەخت لە بایەخی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و زانکۆیی و کەلتوورییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

کونسوڵی تازەی فەڕەنسا خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.

ھەواڵی زیاتر