سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواکارییەکی قوتابییانی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت جێبەجێ دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، “لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو سەلامەتی هاتووچۆی هاووڵاتییان و قوتابییان، لە شەقامی سەرەکی هەولێر – کەرکوک، لەبەردەم بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین، گوژمەی پێویست تەرخانکرا بۆ دروستکردنی بەرزە پردێکی پەڕینەوەی پیادە”.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا لەلایەن تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر، جگە لە دەستنیشانکردنی شوێنی دانانی پردەکە و دروستکردنی نەخشە و دیزاینی بەشێوازێکی مودێرن و سەردەمیانە، کە تێیدا رەچاووی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش کراوە، هەموو ئامادەکارییەکان بەکۆتا هاتووە و پڕۆژەکە لە قۆناغی تەندەرینگە و بەمنزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

دوای ئەوەی قوتابییانی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین لە رێگەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە داواکاری خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ دروستکردنی بەرزە پردێکی پەڕینەوە لەبەردەم بەشەناوخۆییەکە، بۆ مەبەستی سەلامەتی پەڕینەوەیان لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر- کەرکووک، هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواکاری قوتابییانی جێبەجێ کرد و رەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی بەرزە پردێکی پەڕینەوە لەبەردەم بەشەناوخۆییەکە.

ھەواڵی زیاتر