وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کردنەوەی بەشی یەکەمی مۆزەخانەی پارکی شوێنەواری خنس گرنگە، گوتیشی، یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە گرێدانی شوێنەوار و گەشتوگوزارە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: کردنەوەی بەشی یەکەمی مۆزەخانەی پارکی شوێنەواری خنس گرنگە، چونکە شوێنەوارێکی تەمەن هەزاران ساڵە، ئەمەش دوای ئەوەی کارەکانی شوێنەواری تێدا تەواو بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەساڵانی داهاتووش کاری گرنگی تێدا ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی: یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە گرێدانی شوێنەوار و گەشتوگوزارە، بۆ ئەمەش بە دڵنیاییەوە لەساڵانی داهاتوو ئەو سیاسەتە زیاتر جێ بەجێ دەکرێت، دەشڵێت: ئێمە ئێستا لەسەرەتای ئەم سیاسەتە داین.
راشیگەیاند، کە خەڵک دێت بۆ ئەو شوێنە شوێنەوارناسییانە، لەهەمان کاتدا دەبێت لایەنی گەشتوگوزاریش پەرەی پێ بدرێت، بۆیە پێویستمان بە دروستکردنی ژێرخان و ئاسانکردنی رێگای هاتووچۆیە بۆ هاووڵاتیان.