پێش گەڕاندەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان هەوڵی گەڕاندەوەی هەزاران خێزانی داعش دەدرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

قسە لە گواستنەوەی ٢٥٠٠٠ هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە بۆ عێراق دەکرێ، کەمپەکە تایبەتە بە چاودێری و کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش و بنەماڵەکانیان و بۆیەش گواستنەوەیان بۆ عێراق لەوانەیە کێشەی گەورەی ئەمنی و کۆمەڵایەتی بەدواوە بێت، چونکە هێشتا ئەوانە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان کە بەهۆی داعش ئاوارە بوون، کەچی خەریکە پێش گەڕانەوەی لێقەوماوە ڕاستەقینەکان، بنەماڵەی داعشەکان دەگەڕێنرێنەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ ئەو هەواڵەی بە مێدیاکان داوە و هەواڵەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆبوونەوە لەگەڵ تام تۆگێندهات، وەزیری کاروباری ئاسایشی بەریتانیا پێداگرییان لە داخستنی کەمپی هۆل لە سووریا کرد.
ئەو ئاماژەی دابوو لە ڕێی کۆمیتەیەکی تایبەتییەوە، عێراق لە پلانیدایە ژمارەیەکی تر لە خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل بۆ عێراق بگوازێتەوە. بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەبوونی کەمپی هۆل لە نزیک سنوورەکانی عێراقی بە مەترسیدار هەژمار کردووە و بۆیەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هەرچی زووە کۆتایی بەو کەمپە بهێنرێت.
جێی باسە ٢٥٠٠٠ هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆل دەژین کە کاتی خۆی بە تایبەتی دوای شکستی داعش و ڕزگارکردنی مووسڵ لەدەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەرەو سووریا ڕایان کرد و لە سووریاش دوای ئەوەی داعش شکستێکی گەورەیان بەرکەوت سەرجەم خێزانەکانیان بۆ کەمپێک گواسترانەوە و وەک گرتووخانەیەکی گەورە لە ژێر چاودێریدا دانراون. ترسناکترین چەکدارەکانی داعش لەو کەمپەدان و زیاتر لە چوار ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە چارەی کەمپەکە بکات.
لەو کاتەوە ،چەندین جار لەم کەمپە ئاڵۆزی دروست بووە و تیرۆریستانی داعش ویستوویانە بە کۆمەڵ ڕابکەن و ژمارەیەک لەو تیرۆریستانەش ڕایان کردووە، بەڵام تا ئەم ساتەش مەترسیی ئەوە لە ئارادا بووە کرانەوەی دەرگای کەمپەکە و هەڵاتنیان بە هەر هۆکارێک کێشەی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکە بە تایبەتی عێراق بهێننە کایەوە.
ئەوانەی لەو کەمپەن ڕاستە ژمارەیەکی بەرچاویان عێراقین بەڵام خەڵکی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپایی ووڵاتانی تری جیهانیان تێدایە و چەندین جار بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە ئەو خێزان و چەکدارە مەترسیدارانە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێننەوە و لەوێ رووبەڕووی دادگاییکردن و سزادانیان بکەنەوە بەڵام زۆربەی وڵاتان بە پیریی ئەو بانگەوازە نەهاتوون و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی منداڵیان بۆ وڵاتەکانیان گەڕاندوونەتەوە.
قاسم ئەعرەجی گوتوویەتی ئێستا ژمارەی دانیشتووانی کەمپی هۆل ٦٥٠٠٠ هەزار کەسن کە ٢٥٠٠٠ کەسیان عێراقین و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانان قۆناغ بە قۆناغ بۆ عێراقیان دەگەڕێننەوە.
هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانەی داعش لەکاتێکدایە هێشتا حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەوانە بگەڕێنێتەوە کە لە شنگال و شارەکانی تر ڕایان کرد و گەورەترین تاوان لە دژیان جێبەجێ کرا. هێشتا بە هەزاران خێزانی ئێزدی ئاوارەن و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەهۆی نائارامیی ناوچەکانیان لە لایەک و نەبوونی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری لە لایەکی تر نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
بەشی بەرچاوی ئەوانەی بڕیارە لە کەمپی هۆلی سووریاوە بگەڕێنرێنەوە عێراق دەستیان بە خوێنی ئێزدییەکان و خەڵکی تر سوور بووە و بەشێک لەوانەش لە لایەن خەڵکی ناوچەکە ناسراون و لە ڕابردوودا ترسی سەرەکیی ئێزدییەکان ئەوە بووە لە لایەن هەمان ئەو کەسانەی هەوڵی جینۆسایدیان درا، دووبارە تووشی کێشە و جینۆساید ببنەوە.
جگە لە پرسی کۆمەڵایەتی گەڕانەوەی ٢٥٠٠٠ هاووڵاتیی بۆ عێراق دەتوانێت دەرهاویشتەی مەترسیداری بۆ کۆی دۆخی ئەمنیی عێراق هەبێت و هەر ئەو ترسەش وایکردووە وڵاتان لە گەڕاندنەوەیان دوودڵ بن.