شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌ی پێشوو و نوێی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا ده‌كات

ئه‌مرۆ دووشه‌م 14ی ئابی 2023 سه‌رۆك بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ ماكفەرلین كە كۆتایی بە ئەركەكانی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی و ناساندنی فەرماندەی تازەی هێزی هاوپەیمانان سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاری هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە لە قۆناغی داهاتوودا هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەراڵ ماكفەرلین و بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد و دووپاتی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانی كردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادە بوو كە كۆتایی بە ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دڵخۆشیی خۆی نیشان دا كە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە.