ڤیان ده‌خیل: به‌هۆی چه‌ندین دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵیی وه‌زیری كۆچبه‌رانی عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین

گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی چه‌ندین دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی، به‌نیازن ئیڤان فائق جابرۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، بانگهێشتی په‌رله‌مان بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

ڤیان ده‌خیل گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رایگه‌یاند، پتر له‌ 50 واژووی په‌رله‌مانتاران كۆكراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ له‌باره‌ی چه‌ندین دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵ ئیڤان فائق جابرۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق بكرێت.

ده‌خیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دۆسییه‌كان بریتین له‌ پڕۆژه‌ی سه‌به‌ته‌ی خۆراك، كه‌مپی په‌نابه‌ران و به‌خشینه‌ داراییه‌كان بۆ ئاواره‌و په‌ناران، چه‌ندین راپۆرتی چاودێری دارایی له‌مپێناوه‌ ئاماده‌

روونیشیكرده‌وه‌، داواكاری بانگهێشتكردنی ئیڤان فائق جابرۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، دواتر له‌ میانه‌ی دانیشتنێك كاتی بانگهێشتكردن بۆ لێپرسینه‌وه‌ی دیاری ده‌كرێت.

پێشتریش له‌ 14ـی ئایاری 2023، ڤیان ده‌خیل گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو، كه‌ له‌ رێگه‌ی چه‌ند رێككارێكی ناڕوا به‌خشینه‌ داراییه‌كانی بۆ ئاواره‌و و په‌نابه‌ران وه‌ستاندووه‌.

پێشتریش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تی عێراق له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌كو پێویست ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات.

رۆژی (شەممە 12ـی ئابی 2023)، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، 10ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ كۆتا واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆیه‌ بۆ ناوچه‌كانیان و دوای ئه‌و واده‌یه‌ چیتر به‌ ئاواره‌ هه‌ژمار ناكرێن.

زیاتر له‌ 400 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی عێراق به‌ بڕیاری گرووپه‌ چه‌كداره‌كان رێگه‌یان پێنادرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كانیان به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ی جه‌رف سه‌خر له‌ باكووری بابل، كه‌ گرووپی چه‌كدار و میلیشیاكانی وه‌ك كه‌تائیب حزبولڵا، نوجه‌با، عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و جوند ئیمام له ‌ساڵی 2014ه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا گرتووه‌.

گرنگترین ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیاكانه‌وه‌ رێگری له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، عه‌وجه‌، یه‌سریب، عه‌زیز به‌له‌د، گوندی دوز و گوندی مه‌كحوله‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، هه‌روه‌ها عویسات و زراع دیجله‌ و به‌شێك له‌ناوچه‌ی سه‌رسار و كۆمه‌ڵگه‌ی فۆسفات له‌ پارێزگای ئه‌نبار و میقددییه‌ و حوسی گه‌وره‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دیاله‌ پێكهاتوون.