29 ساڵ لەمەوبەر (کۆساری)ی شاعیر لە لایەن یەكێتییەوە كوژرا

ئەمڕۆ 27ی 12ی 2022، 29 ساڵ بەسەر کوژرانی (کۆساری)ی شاعیر تێدەپەڕێت، کە شاعیرێکی ئیسلامی بووە و ساڵی 1993 لە گوندێکی ڕانیە، لەلایەن مەفرەزەیەکی یەکێتییەوە دەستگیر دەکرێ و دواتر بە بڕیاری جەبار فەرمان، سەركردەی ئەوسای یەكێتی دەکوژرێت.

خدر محەمەد رەشید، ناسراو بە (کۆساری)، شاعیرێکی گەنجی ئیسلامی بووە، ساڵی 1967 لە ڕانیە لەدایک بووە، یەکێک بووە لەو شاعیرانەی، زۆربەی شیعرەکانی عیرفانی و سوننەتی بوون، لە تەمەنێکی کەمدا توانیویەتی بەھۆی شیعرەکانییەوە لەناو خەڵكدا بناسرێ و لە ڕێگەی شعرەکانییەوە لایەنگرێکی زۆر لەناو بزووتنەوە ئیسلامییەکاندا بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.

کۆساریی شاعیر، لە ساڵی 1993، لە گەرمەی شەڕ و ململانێکانی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گوندێکی ناوچەی پشدەر، لەلایەن ھێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە دیلی دەستگیر دەکرێ، دواتر لە ڕۆژی 27ی 12ی ساڵی 1993، بە بڕیاری جەبار فەرمان، کە یەکێك بوو لە سەركردە دەستڕۆیشتووەكانی ئەوكاتی یەکێتی، بە شێوەیەکی دڕندانە لە تەمەنی 26 ساڵیدا دەکوژرێت.

لەمبارەیەوە، عەبدوڵا وەرتێ، گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی و ھاوڕێی کۆساریی شاعیر ڕاگەیاند: ”خدر کۆساری، پێشمەرگە و کادیرێکی چالاکی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، ساڵی 1993 لە گوندی ماخوبزنان لە ناوچەی پشدەر، لەلایەن ھێزێکی یەکێتییەوە لە ماڵێکدا دەستگیر کرا و زوڵم و ستەمێکی زۆری لێ کرا، چونکە بە دیلی شەھیدیان کرد.“

گوتیشی: ”ساڵی 1991، کاتێک ھێزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، ھاوشێوەی ھەموو ھێزەکانی دیکە لە شاخ هاتەوە ناو شار، خدر کۆساریی شاعیر، کادیرێکی سەرکەوتووی مەڵبەندی ڕانیەی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، ھەروەھا لە بواری ھونەری ئیسلامی و شیعردا ڕۆڵێکی کارای ھەبوو و لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە، لە سەردەمی خەباتی سیاسی و چەکداری لە دژی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، جۆش و خرۆشی بە پێشمەرگەکانی بزووتنەوە دەبەخشی.“

عەبدوڵا وەرتێ، ئاماژەی بەوەش کرد: ”کۆساریی شاعیر داینەمۆی ئەدەبی ئیسلامی بووە، بەداخەوە لە تەمەنی 26 ساڵیدا بە دیلی دەستگیری دەکەن و شەھیدی دەکەن، بێ گومان شەھیدکردنی کۆساری بەو شێوازە، زوڵم و ستەمێکی گەورە بووە دەرھەق بەو شاعیرە کراوە، چونکە کۆساریی شاعیر بە دیلی لە خانوویەکدا دەستگیر کرا.“

یەكێتی تاوەكوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی كوشتنی كۆساریی شاعیر نەداوە، حزبە ئیسلامییەكانیش تەنانەت یادی كوشتنەكەشی ناكەنەوە و بگرە ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز كە ئێستا خۆی بە كەسی یەكەمی بەشێكی بزووتنەوەی ئیسلامی دەزانێت، لەم رۆژانەدا بانگەشەی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و یەكێتی بۆ ”كاتی زێڕینی مام جەلال و ڕابەری بزووتنەوە“ دەكات، لە كاتێكدا، هەر لەو كاتە زێڕینەی ئەو باسی دەكات، یەكێتی كۆساریی شاعیری كوشتووە.

تیرۆركردنی كۆساریی شاعیر، بەشێكە لە زنجیرەیەكی فراوانی تیرۆر كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكانی ئەنجامیان داوە، هەر لە تیرۆركردنی (بەكر عەلیی شاعیر، مەلا عەبدوڵای قەسرێ، محەمەد حەلاق و هاوڕێكانی و دەیانی دیكە)، تا دەگاتە تیرۆركردنی لیوا موراد كانی كوردەیی و عەقید هاوكار جاف.

ھەواڵی زیاتر