کورسی خوێندن بە سیستەمی پارالێل بۆ هەندێک بەشی زانکۆکانی کوردستان زیادکرا

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ تاووتوێکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆکان و چەند پرسێکی تایبەت بە خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (دووشەممە 31ـی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2022) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیار لەسەر زیادکردنی کورسی خوێندن بە سیستەمی پارالێل دەدرێت لە بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2022-2023)
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی روونیکردەوە، زیادکردنی کورسی خوێندن بە سیستەمی پارالێل تەنها بەشە پزیشکییەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان و دەرمانسازی) دەگرێتەوە.
ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 12ـی تشرینی یەکەم، ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند و گوتی: هەرچەندە ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان کەمتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەک پلانمان کەم نەکردووە، بەڵکو پلانمان زیادکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 63 هەزار و 219 کورسی خوێندمان بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 415 کورسیمان زیادکردووە.
ئەمساڵ کۆی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی 38 هەزار و 680 قوتابی بوو، 25 هەزار و 972 دەرچووی زانستی و 12 هەزار و 708 دەرچووی وێژەیی، پلانی وەزارەت دابینکردنی 63 هەزار و 219 کورسییە و شەش هەزار کورسی لە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و تۆژینەوەی زانستی، کۆی پێشکەشکارانی زانکۆلاین 44 هەزار و 408 قوتابی بوون، 27 هەزار و 728یان هی ساڵی خوێندنی 2022 و 9 هەزار و 354یش هی ساڵی 2021 و 7 هەزار و 326 دەرچووی دیکەش هی ساڵانی رابردوو بوون، کۆی وەرگیراوان لەو ژمارەیە 41 هەزار و 253ـە، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 360 لە دەرچووانی ئەمساڵن، “کە دەکاتە %100ی دەرچووان”.